ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، واژۆ بۆ گەڕانەوە بۆ سەر هەرێم كۆ دهكاتەوە

كەركووك-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێت، 22 واژۆ لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كۆ كراوەتەوە، بۆ ئەوەی دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بەڕێوە بچێت و بڕیاری ساڵی 2008 تایبەت بە گەڕانەوە بۆ سەر هەرێمی كوردستان، كارا بكرێتەوە.
(فوئاد حوسێن)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە ساڵی 2008ـەوە یادداشتێكمان بە زۆرینەی دەنگی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كە رێژە یاساییەكەی تەواو كردبوو، پەسەند كرد و تێیدا داوامان كردبوو كە شاری كەركووك بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان، بەڵام وەڵام نەبوو، بۆیە لە دوای ئەوەی وەكوو ئەنجوومەن بە پشتبەستن بە ماددەی دەستووری (140) تا جێبەجێكردنی ئەو ماددە دەستوورییە، ئاڵای كوردستان شانبەشانی ئاڵای عێراق لە دامودەزگاكانی شاری كەركووك هەڵبكرێت، بۆیە لەگەڵ ئەوەیشدا ئێستا (22) واژۆمان كۆ كردووەتەوە و ڕەنگە زیاتریش بێت، داوای ئەوەیشمان كردووە كە بڕیارەكەی ساڵی 2008 بۆ گەڕانەوەی شاری كەركووك بۆ سەر هەرێمی كوردستان، كارا بكرێتەوە".
(حوسێن) راشیگەیاند: "بڕیارەكە هەموو رێكارە یاساییەكانی تەواو بووە و دەنگی لەسەر دراوە و شێوە یاساییەكەی وەرگرتووە، لە رووی یاساییشەوە تەنیا ئێمە داوا لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەینەوە ئەو یادداشتەمان كارا بكرێتەوە، بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكرێت و كەركووك بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان كە ئاواتی گشت كوردێكی نیشتیمانپەروەرە".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەشڵێت: "ئێمە داوامان لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگا كردووە ئەو بابەتە كارا بكرێتەوە، ئینجا ئەگەر پێویست بكات لە ئەنجوومەنی پارێزگا دەنگی لەسەر دەدرێتەوە تەنیا بۆ ئەوەی كارا بكرێتەوە و بەرز بكرێتەوە بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چونكە پێشتر رێكارە یاساییەكانی تەواو بووە".
نەشوان بەرزنجی




