٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ژماره‌ی ئه‌و چه‌كدارانه‌ی وازیان له‌ په‌كه‌كه‌ هێناوه‌ بوو به‌ 500

سەرچاوە: KDP.info

 

شنگال-KDP.info-  فەرماندەیەكی ھێزی پێشمەرگە لە شنگال دەڵێ، به‌ هۆی ئه‌وه‌وه‌ كه‌ ھێزی پێشمەرگە دەرگای بە ڕووی چەكدرانی هێزه‌كه‌ی پەكەكەدا كردەوە، زیاتر لە 400 چەكداریان پەیوەندییان بە ریزەكانی پێشمەرگەوە كردووە و پتریش لە 100ی دیكە لە ماڵەوە دانیشتوون و چاوەڕێی كردنەوەی سەربازگەی مەشق و راھێنانن لە لایەن پێشمەرگەوە.

(قاسم دربۆ)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ماوه‌یه‌كه‌ ھێزی پێشمەرگە دەرگای بە ڕووی چەكدارانی هێزه‌كه‌ی په‌كه‌كه‌ له‌ شنگالدا كردووەتەوە و لیژنەیەكیشی دروست كردووە بۆ پێشوازیكردن لەو چەكدارانە، هەروەها فۆڕمێكیشی ئامادە كردووە بۆ پڕكردنەوە و تاوەكو ئێستایش زیاتر لە 400 چەكداری ئه‌و هێزه‌ پەیوەندییان بەریزەكانی ھێزی پێشمەرگەوە كردووە و، پتر لە 100 چەكداری دیكەیش وازیان لە پەكەكە ھێناوە و لەماڵەوە دانیشتوون و چاوەرێی كردنەوەی سەربازگەی مەشق و راھێنانی پێشمەرگە دەكەن، بۆ ئەوەی ئەوانیش پەیوەندی بە ھێزی پێشمەرگەوە بكەن".

(دربۆ) گوتیشی، لە ئێستادا ئامادەكاری دەكرێت بۆ كردنەوەی سەربازگەیەك بۆ مەشقكردن بەو چه‌كدارانه‌ی ھێزه‌كه‌ی په‌كه‌كه‌ كە پەیوەندییان بە ھێزی پێشمەرگەوە كردووە و، بەم زووانە ئەو چەكدارانە دەست بە مەشق و راھێنان دەكەن و دەبنە پێشمەرگە.

ئەو فەرماندەیەی ھێزی پێشمەرگە لە شنگال ڕوونیشی كردەوە، لە ئێستادا زیاتر لە 300 چەكداری كوردی ئێزدی لە ریزەكانی ئه‌و هێزه‌ی په‌كه‌كه‌دا ماونه‌ته‌وه‌ و ھەر كاتێك ئەو سەربازگەیە بكرێتەوە، ئەوانیش پەیوەندی بە ھێزەكانی پێشمەرگەوە دەكەن.

ئەو هەروەها رەتیشی كردەوە كە، ژمارەی چەكدارانی كوردی ئێزدی له‌و هێزه‌ی په‌كه‌كه‌دا لەمە زیاتر بێت و گوتی، ئەوانەی دیكە ھەموویان لە سووریا و توركیاوە ھاتوون و بەشێكیشیان چەكداری عەرەبی ناوچەكەن.


باسی لەوەیش كرد، دوای ھاتنی ئەو چەكدارانە بۆ ناو ھێزی پێشمەرگە، پەكەكە ھیچ كارێكی لە ناوچەكه‌ نامێنێت، لەبەر ئەوەی خەڵكیش بە ھیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەواندا نەماون و بوونیشیان لە ناوچەكەدا ڕەت دەكەنەوە.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار