٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یەكێتیی زانایان: ناكرێ پەكەكە دەست لە كاروباری هەرێم وەربدات

سەرچاوە: KDP.info
 
هەولێر-KDP.info- سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان رایگەیاند، چەكدارانی پەكەكە لە هەوڵدان ئەو پێكەوەژیانەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، تێكی بدەن، لە كاتێكدا دەبێ پەكەكە تایبەتمەندیی هەرێمی كوردستان لە بەرچاو بگرێت و دەست لە كاروباری هەرێم وەر نەدات.
 
(عەبدوڵڵا سەعید)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن، ئێمە هەڕەشەی زۆر گەورەمان لەسەرە و تەنیا بە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی دەتوانین ڕووبەڕووی هەموو ئەو مەترسی و هەڕەشانە ببینەوە، چونكە هەموومان دەزانین نەخشەی ناوچەكە گۆڕانكاری بەسەردا دێت و جیهان بە شێوەیەكی گشتی بە ئۆمێدەوە دەڕوانێتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە هۆكارێك بۆ سەقامگیركردنی ئەمن و ئاساییش لە سەرتاسەری جیهاندا، بۆیە لێرەدا داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییەكان دەكەم لەگەڵ یەك بە بێ كێشە و بە گفتوگۆ كێشەكان چارە بكەن، بۆ ئەوەی هەموومان پێكەوە هاوكار و پشتیوانی پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بین، تا لە داهاتوویەكی نزیكدا ببین بە خاوەنی دەوڵەتی خۆمان".
 
سەرۆكی یەكێتیی زانایان گوتیشی: "هەموو پارچەیەكی كوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بۆیە ناكرێت پەكەكە كە لەسەر پارچەیەكی دیكە هەژمار دەكرێت، بێت دەست لە كاروباری هەرێمی كوردستان وەربدات، یان هەوڵی تێكدانی ئەو پێكەوەژیانە بدات كە ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، چونكە هەرێم خاوەن سەروەریی خۆی، خاوەن حكوومەت و پەرلەمان و سەرۆكایەتیی هەرێمە، بۆیە ناكرێت حزبێك تاكلایانە بڕیارێك لەسەر ناوچەیەك لە ناوچەكانی كوردستان بدات، یان كێشە و گرفت لەو ناوچەیە دروست بكات، زۆر گرینگە تایبەتمەندیی هەرێمی كوردستان بپارێزن و دەست لە كاروباری هەرێم وەر نەدەن، لەبری ئەوە باشترە بچنە شوێنی خۆیان و لەوێ درێژە بە خەبات بدەن".
 
 
 
ڕابین شێروانی
 

هەواڵی پەیوەندیدار