چاودێرێکی سیاسی: کاتی ئەوە ھاتووە ھەرێم وەرەقەی کرداری بۆ پرسی سەربەخۆیی ئامادە بکات

هەولێر-KDP.info- چاودێرێکی سیاسی دەڵێت، پێویستە لەمەودوا ھەرێمی کوردستان وەرەقەیەکی کرداری دەربارەی پرسی سەربەخۆیی ئامادە بکات، بۆ ئەوەی وردەکارییەکانی ئەو پرۆسەیە لەگەڵ بەغدا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و یوئێن و ئەوانەی پێوەندییان بە سەربەخۆیییەوە ھەیە، باس بکرێت.
چاودێری سیاسی و ماموستای زانکۆ، (د. عەبدولحەکیم خەسرۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''دەتوانین لە چەند ئاستێکدا باسی سەربەخۆییی کوردستان بکەین، کە پێوەندیی بە سەرۆکایەتیی ھەرێم و حکوومەتی ھەرێمەوە ھەیە. ڕێکارەکانی سەربەخۆیی پێوەندییان بە سەربەخۆییی ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسی و ئەمنی و ئەو ئامادەکارییانەوە هەیە، کە پێویستە بە وردی لەگەڵ بەغدا باسیان بکەین؛ وەک پرسی سنوور، ئاو، داھات و کۆمەڵێک پرسی تر، کە ھەرێمی کوردستان کاری بۆ بەشێک لەوانە کردووە و بەشێکیشیان ھەندێک کاریان دەوێت، بۆیە ئێستا پێویستە کار لەسەر ئەوانەی ماون، بکرێت و وەرەقەیەکی کرداری ئامادە بکرێت بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و یوئێن و ئەوانەی پێویستە دەربارەی سەربەخۆیی قسەیان لەگەڵدا بکرێت.''
(د. عەبدولحەکیم خەسرۆ) گوتی: ''پێویستە کار لەسەر ئەو وردەکارییانە بکرێت و باس لەوە کراوە، کە دوو شاندی حکوومی و سیاسی سەردانی بەغدا بکەن. ئەوەی پێشتر قسەی لەسەر کراوە، وەک ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم و داھاتەکان و سنوور، ھەرێم زانیاری و داتای لەسەریان ھەیە، بەڵام ئێستا پێویستە لە چوارچێوەی لیژنەیەکی ھونەریدا ھەموو بوارەکان دیاری بکرێن، تا بە ئامادەیییەکی تەواوەوە قسە لەسەر ئەو پرسە بکەین.''
(د. عەبدولحەکیم خەسرۆ) لە درێژەدا باسی ئەوەی کرد: ''دەربارەی شاندی سیاسی، کۆکردنەوەی دید و بۆچوونی لایەنە سیاسییەکان گرینگە، بۆیە گرینگە ناوەندێک ھەبێت دید و بۆچوونەکان دەربارەی سەربەخۆیی کۆ بکاتەوە و خاڵە ھاوبەش و جیاوازەکان دیاری بکات و، جیاوازییەکان چار بکرێن، کە ئەمە نەکراوە و پێویستە بکرێت.''
(د. عەبدولحەکیم خەسرۆ) ئاماژەیشی دا: ''ھەڵوێستی گشتیی لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ ئەوەدایە بەو شێوەیەی ئێستا ناتوانین لەگەڵ بەغدا بەردەوام بین و پێویستمان بە شێوازێکی دیکە ھەیە، بەڵام پێویستە وردەکارییەکانی پرۆسەی سەربەخۆیی بکرێتە باسێکی جیددی لەگەڵ بەغدا و کاری لەسەر بکرێت، لەبەر ئەوەی ھەندێک لایەنی سیاسی پێشمەرجیان داناوە بۆ ئەوەی کێشە ناوخۆیییەکان چارە بکرێن و بەشێکی دیکەش باس لەوە دەکەن، کە پێویستە کاری لەسەر بکەین و پێوەندیی بە کاتەوە ھەیە.''
(د. عەبدولحەکیم خەسرۆ) بە پێویستیشی دەزانێت، کە لەمەودوا ھەرێمی کوردستان وەرەقەی کرداریی خۆی بۆ پرسی سەربەخۆیی ئامادە بکات و لەڕووی سیاسی و هونەرییەوە کاری لەسەر بکات و لەوە زیاتر دوای نەخات، چونکە کاتی ئەو کارە ھاتووە و دەبێ بکرێت.
بڵند ئیبراھیم




