لە کەرکووک ١٠ داواکراو لەنێو ئاوارەکاندا دەستگیر کران

کەرکووک-KDP.info- ئەمڕۆ ژمارەیەک ئاوارەی ژێر دەستەڵاتی داعش لە سنووری ناحیەی ڕەشادی پارێزگای کەرکووک خۆیان گەیاندە سەنگەرەکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و ئەفسەرێکی پێشمەرگەش دەڵێت، بەھۆی برسییەتییەوە دوو منداڵی ئاوارە گیانیان لەدەست داوە و ژمارەیەک داواکراویش لەنێو ئاوارەکاندا دەستگیر کراون.
نەقیب (سالار ماھیر)، ئەفسەری لیوای یەکی پیادە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەمڕۆ ٢٠٠ ئاوارەی ژێر دەسەڵاتی تیرۆریستانی داعش لە سنووری ناحیەی ڕەشاد توانییان خۆیان بگەیەننە سەنگەرەکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری مەکتەب خالید و دوای وەرگرتنیان لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگەوە ڕادەستی ھێزە ئەمنییەکان کران، تا بگوازرێنەوە بۆ نێو کەمپی ئاوارەکانی کەرکووک و بۆ دڵنیابوون لەڕووی ئەمنیشەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت.''
(نەقیب سالار) گۆتیشی: ''بەھۆی نەبوونی خۆراک و ژیانی ژێر دەستەڵاتی داعشەوە ئاوارەکان لە ڕەوشێکی خراپدان و لەو ٢٠٠ ئاوارەیەی ئەمڕۆ گەیشتنە سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە ڕێگادا دوو منداڵ بەھۆی برسییەتییەوە گیانیان لەدەست داوە و ١٠ ئاوارەی دیکەش بەتۆمەتی داعشبوون دەستگیر کراون، کە پێشتر لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی کەرکووکەوە داواکرا بوون و خۆیان لەگەڵ ئاوارەکان تێکەڵ کردبوو.''
قائید میرۆ




