٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حەوت حزبی تورکمانی: ئاڵای کوردستان بە هیی خۆمان و کۆی پێکهاتەکان دەزانین

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  حەوت حزبی تورکمانی لە ڕوونکردنەوەیاندا لەبارەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستانەوە لە کەرکووک ڕایدەگەیێنێ، تورکمانیش ئاڵای کوردستان بە ئاڵای خاک و گەلی خۆی دەزانن، چونکە گوزارشت نییە لە تەنیا نەتەوەیەک، بەڵکو ئاڵا و هێمای خاک و گەلێکە بە هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانیەوە.

لەو ڕوونکردنەوەیاندا کە وێنەیەکی بۆ پاڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان نێردراوە، حەوت حزبەکە داوا لە گشت گرووپ و لایەنەکان دەکەن، واقیعیانە بیر بکەنەوە چونکە بەرژەوەندیی نەتەوەی تورکمان لە پێکەوەژیان و پاراستنی یەکڕیزیی نیشتیمانیدایە.

دەقی روونکردنەوەی حزب و لایەنە تورکمانیەکان سەبارەت بە ئاڵای کوردستان
دەربارەی ئەو لێدانەی هەندێک لایەنی تورکمانی سەبارەت بە ئاڵای کوردستان لە شاری کەرکووک بڵاویان کردووەتەوە، ئێمەی حزبە تورکمانەکانی کوردستان ڕایدەگەیێنین، کە پێکهاتەی تورکمان هەروەک لە مێژوویەکی دێرینەوە بەشێک بووە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و عێراق، هەردەم ڕێزی لە پیرۆزییەکانی ئەم نیشتیمانە گرتووە، ئەمڕۆیش شانبەشانی برایانی کورد و کلد ئاشوورییەکان، لەسەر هەمان ڕێباز و ڕێگا نیشتیمانپەروەرییەکەی بەردەامە و ئاڵای کوردستان بە ئاڵای خاک و گەلی خۆی دەزانێت، چونکە ئەو ئاڵایە تەعبیر لە تاکە نەتەوەیەک ناکات، بەڵکو ئاڵا و هێمای خاک و گەلێکە بە هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانیەوە.
لە ڕووی یاساییش، لە دەستوور و یاساکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش ئەم ئاڵایە ناسراوە، لە جیهان و پەیوەندییە نێودەولەتییەکانیشدا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. بۆیە داوا لە گشت گرووپ و لایەنەکان دەکەین، زیاتر واقیعیانە بیر بکەنەوە و بەرژەوەندیی نەتەوەی تورکمان لە پێکەوەژیان و پاراستنی یەکڕیزیی نیشتیمانیدایە و، پێویستە هەوڵەکانمان چڕ بکەینەوە بۆ یەکخستنی هەڵوێست و ڕیزەکانمان و پارێزگاریکردن لە برایەتی و تەباییی نێوان نەتەوە و پێکهاتە ئایینەکان لە کوردستان و عێراق.

پارتی گەشەپێدانی تورکمان
پارتی دیموکراتی تورکمانی
کۆمەڵەی لیباڵی تورکمانی
پارتی ڕزگاریی تورکمانی
پارتی ڕۆشنبیریی تورکمانی
بزووتنەوەی دیموکراتی تورکمانی
پارتی گەلی تورکمانی

 

سیشەممەی ڕابرد، ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك هەڵکردنی ئاڵای كوردستان له‌سەر داموده‌زگا حكوومییه‌كانی پارێزگاكه‌، بە دەنگی تورکمان و عەرەبەکانی نێو لیستی برایەتیشەوە په‌سند كرد و له‌گه‌ڵ ئاڵای عێراق له‌ ته‌واوی فه‌رمانگه‌ فه‌رمییه‌كانی پارێزگاكه‌ پەسند کرد.

 

هەواڵی پەیوەندیدار