ئەمڕۆ ساڵڕۆژی شەهیدبوونی سەرۆککۆماری کوردستانە

هەولێر-KDP.info- له به‌ره‌به‌یانی 10ی خاكه‌لێوه‌ی ساڵی 2647ی کوردی واتە 30 ئاداری ساڵی 1947ی زایینی، پێشەوا (قازی محەمەد( سەرۆککۆماری کوردستان، لەگەڵ هەر یەک لە، (حه‌مه‌حوسێن خان سه‌یفی قازی) ئامۆزای (قازی محەمەد)، (ئه‌بولقاسم سه‌دری قازی) برای پێشه‌وا، دوای حوکمێکی نادادپەروەرانە لە دادگای ئەوکاتی رژێمی شای ئێران، لە گۆڕەپانی چوارچرای شاری مەهاباد لەسێدارە دران.
(قازی محەمەد) لەدوای کۆچی دوایی باوکی بوو به قازی شار. له به‌ر هۆگریی زۆر به كاری فه‌رهه‌نگی و رۆشنبیری، بەر لە ساڵی 1941 دوو ساڵ به‌رپرسیارییەتی ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگ‌و ئه‌وقافی شاری مه‌هابادی به ئه‌ستۆوه گرتووه و، خزمه‌تی به‌رچاوی فه‌رهه‌نگ و رۆشنبیری کوردی کردووە و یەکەم قوتابخانەی کچانیش هەر لەسەردەمی ئەو لە مەهاباد کراوەتەوە.
(قازی محه‌ممه‌د)، برایه‌تی‌و یه‌كگرتووییی كوردی پێ گه‌وره‌ترین هۆی سه‌ركه‌وتن بوو. هه‌ربۆیه له زۆربه‌ی وتاره‌كانی كه له رۆژنامه‌ی "كوردستان"ی ئه‌وكات دا چاپ كراون له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی یه‌كیه‌تی و برایه‌تی دواوه و به مه‌رجی سه‌ركه‌وتن و كۆڵه‌كه‌ی راگرتنی كۆمار و هۆی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر دوژمنانی زانیوه.
(قازی محه‌ممه‌د) كوڕی (قازی عه‌لی)، كوڕی (میرزا قاسم قازی)یه. رابردووی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه له شاری مەهاباد بۆ چوار سه‌ده پێشتر ده‌گه‌ڕێته‌وه.
دوای ئەوەی کۆماری کوردستان لە ساڵی 1946 و دوای 11 مانگ حوکم لەلایەن رژێمی پاشایەتیی ئێرانەوە دەڕووخێنرێت، (قازی محەمەد) بۆ ئەوەی خەڵکی مەهاباد هاوشێوەی خەڵکی تەورێز بەدەستی رژێم نەکوژرێن خۆی رادەستی حکوومەت کرد.
پێشه‌وا هه‌ر جارێك له‌و دوو جاره كه به‌ناو دادگایی كراوه، زیاتر له چوار سه‌عات قسه‌ی كردووه‌و به گوتەی (سه‌روان شه‌ریفی) پارێزەرەکەی کە لە زۆربەی سەرچاوە مێژووییەکان بڵاو کراوەتەوە، ئه‌وه (قازی محه‌ممه‌د) بووه كه حكوومه‌تی دادگایی كردووه نەک حکوومەت.
(قازی محەمەد) زۆر دلێرانە و لەکاتی دادگاییکردنەکەی بەرگری لە مافە نەتەوەییەکانی کورد کردووە و تەنانەت پێش لەسێدارەدانی نەیهێشت چاوەکانی ببەستن و گوتی: "حه‌ز ده‌كه‌م له دوایین چركه‌ی ژیانیشمدا به سه‌ربه‌رزی و چاوی كراوه‌وه له نیشتمانی خۆشه‌ویستم بڕوانم."
هەروەها دەڵێت "ئێوه قازی محه‌مه‌دێك ده‌كوژن، به‌ڵام بزانن له هه‌ر تنوكه خوێنێكی من قازی محه‌مه‌دێك شین ده‌بێته‌وه. داوا له گه‌لی كورد ده‌كه‌م خه‌باتی خۆی له‌پێناو رزگاریی كوردستان دا په‌ك نه‌خا، باوه‌ڕ به ده‌وڵه‌تی تاران مه‌كه‌ن. بژی كورد‌و كوردستان".
حیزبی دێمۆكرات لە ساڵی 1980ەوە ئەو رۆژی کردووەتە رۆژی شەهیدانی کوردستان و بۆیەش هەموو ساڵێک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو رۆژەدا بە رێورەسمی جۆراوجۆی یادی شەهیدان بەرز رادەگرن.
سلێمان تاشان




