٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"پەیمانگەیەكی شیاندن دەكرێتەوە،ھەموو مامۆستایانی ئایینییش پێیان خۆشە"

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی پێداچوونەوە بە گوتارە ئایینییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، پەیمانگەیەكی شیاندن بۆ بەھێزكردنی مامۆستایانی ئایینی دەكرێتەوە، ھەر مامۆستایەكی ئایینیی گوتاربێژیش نەتوانێ خۆی بگونجێنێ و لە ڕێگەی گوتارە ئایینییەكانەوە سووكایەتی و بێڕێزی بەرامبەر بە ئایین و كەسایەتییەكان بكات، ئەوا دوور دەخرێتەوە.

 دكتۆر (بەشیر خەلیل)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لیژنەیەك بۆ چاودێریكردن و پێداچوونەوە بە گوتارە ئایینییەكان پێك ھێنراوە بە مەبەستی رێكخستنی گوتارە ئایینییەكان و بڕیارە پەیمانگەی شیاندن بۆ بەھێزكردنی مامۆستایانی ئایینی لە ڕووی پێشكەشكردنی گوتارەوە بكرێتەوە، ھەموو مامۆستایانی ئایینییش بۆ ماوەی سێ مانگ لەو پەیامانگەیەدا خولی شیاندن دەخوێنن تا بە سوودوەرگرتن لەو پەیمانگەیە بتوانن بە شێوەیەكی باشتر گوتاری ئایینی پێشكەش بە ھاووڵاتیان بكەن، چونكە بەشێك لەو مامۆستا ئایینیانە لەوانەیە وەك پێویست نەبن و ھەر كەسێكیش دوای خولی شیاندن نەتوانێ خۆی بگونجێنێ، ئەوا لە گوتاربێژی دوور دەخرێتەوە".

ئەو ئەندامەی پێداچوونەوە بە گوتارە ئایینییەكان دەڵێ: "لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانیش لیژنەیەك پێك ھاتووە بۆ چاودێریكردنی كەناڵەكانی راگەیاندن، چونكە لەمەودوا رێگە بە ھیچ كەس و دەزگەیەك نادرێت گوتاری ئایینی پەخش بكات لە كاتێكدا لە رێگەی ئەو گوتارانەوە تەشھیر دەكرێت و ھەر كەسێك قەدەغە دەكرێت كە بێڕێزی بە ئایین و پیرۆزییەكانی ئایین دەكات جا لە رێگەی كتێب و نووسین بێت یان گوتاری دەنگی، لە رێگەی راگەیاندنەكانەوە ئەوانە قەدەغە دەكرێن".

دكتۆر (بەشیر) ئاماژەیشی دا: "ھەموو خەڵكیش لەگەڵ ئەوەن گوتارە ئایینییەكان ھەموویان لە یەك ئاستدا نین، تەنانەت بەشێك لەو گوتاربێژانە فەرمانبەری وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی نین و مامۆستای ئایینییش نین، ھەندێكیان سوكایەتی بە كەسایەتی و ئایینیش دەكەن، ئەوانە ھەموویان بە پێدانی زانیاری دەوڵەمەند دەكرێن، ئەو مامۆستایانەی ناتوانن خۆیان بگونجێن بە زانیاری نوێ و سەردەمیانە، ئەوە چارە دەكرێن، ھەموو مامۆستایانی ئایینییش پێیان خۆشە گوتارە ئایینییەكان رێك بخرێنەوە و دەوڵەمەند بكرێن".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار