"شەرقولئەوست" پیلانە مەترسیدارەکەی پەکەکە لە شنگال ئاشکرا دەکات

هەولێر-KDP.info- سەرچاوەگەلی ئاگادار ئاشکرایان کردووە، ئەو هێزەچەکدارەی کە پەکەکە بە ناوی جیاجیاوە لە باشووری کوردستان و بە تایبەت لە سنووری دەڤەری شنگال دروستی کردوون، مووچەی مانگانەیان لە لایەن حەشدیشەعبییەوە بۆ دابین کراوە و، پەلاماردانی هێزی پێشمەرگەی ڕۆژئاوایش لە خانەسۆر، پێشتر پیلانی بۆ دانراوە.
فەرماندەیەکی ئەو هێزەی پەکەکە لە شنگال ئاشکرای کردووە، لەماوەی ڕابردوودا چەندان فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران زیاتر لە جارێک سەردانی بەرەگاکانیانی کردووە لە شنگال، تا لە نزیکەوە دەربارەی هەبوونی ئەوان لە ناوچەکە گفتوگۆ بکەن و ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر تا چەکی قورس بەو هێزانە بگەیێنرێت.
هاوکات سەرکردەیەکی حزبی دەعوەی ئیسلامی کە (نووری مالیکی) سەرۆکایەتی دەکات، بۆ ژمارەی ئەمڕۆ یەکشەممەی "شەرقولئەوسەت" ئاشکرای کردووە، ئەو هێزەی پەکەکە لە شنگال، بە فەرمانی (مالیکی) و بە هەماهەنگیی سوپای پاسداران دروست کراوە، ئەمەش پاش ئەوە بوو کە داعش زۆرێک لە شارۆچکە و شارەدێی ناوچەکەی داگیر کردن.
ئەو سەرکردەیەکی حزبەکەی (مالیکی) کە لەبەر هەستیاریی بابەتەکە نەیویستووە ناوی ببرێ هەروەها دەڵی، "ئامانج لەو هێزە بە گەرەنتیکردنی ڕێگای بەیەکگەشتنی عێراق و سووریایە بۆ حەشدیشەعبی، تا بە هۆیەوە چەک و تفاقی سەربازی بگەیێنرێتە هیزەکانی ئێران و میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سووریا، چونکە ئەم ڕێگایە ستراتیژی و گرینگە، هەروەها ئێران لە هەبوونی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچەیە ئاسوودە نییە."
بەگوێرەی لێدوانی ئەو سەرکردەیەی دەعوە، "تاران چەندان جار بە فەرمی داوای لە هەرێمی کوردستان کردووە، ڕێگای بدات تا چەک و تفاقی سەربازی بۆ سووریا بگوێزێتەوە، بەڵام هەولێر بە تووندی داواکەی ڕەت کردووەتەوە"، ئەو زیاتری لەوبارەوە گوت، "نانەوەی فیتنە و شەڕ لە نێوان کورددا، ڕێخۆشکەرە بۆ حەشدیشەعبی لەژێر ناوی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای مووسڵ جێگیر بوون، بێن و دەست بەسەر شنگالدا بگرن و ئەو هەوڵە ئاسان بکەن کە دەیەوێ بەر بە هەنگاوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حزبەکانی دیکە بگرێ کە ئامانجیان سەربەخۆییی هەرێمی کوردستانە، هەڵبەت ئێران بەهەموو شیوەیەک بەر بەو هەوڵانە دەگرێ."
بەگوتەی شایەتحاڵانی خەڵکی ناوچەکە کە لێدوانیان بۆ شەرقولئەوست داوە، چەند ڕۆژێک پێش پەلاماردانی پێشمەرگەی ڕۆژ لەلایەن هێزەکەی پەکەکەوە، هێلیکۆپتەری عێراقی چەندان جار لە مۆڵگە و بارەگاکانی پەکەکە نیشتووەتەوە و، پیشتریش چەندان گەورەبەرسی نەناسراوە سەردانی کردوون.
وەک ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاوی کردووەتەوە، پاش هەوڵیکی زۆر ئینجا توانیویانە لەبارەی ئەو بەرپرسانەوە بزانن ک سەردانی هێزەکانی پەکەکەی لە دەڤەری شنگال کردووە و، دەرکەوتووە کە ئەفسەرانی سوپای پاسدارانی ئێران بوون کە هاوشان لەگەڵ بەرسانی حەشدیشەعبی بەردەوام و بە چەند ڕۆژێک لەو ڕێگرییەی چەتەکانی پەکەکە لە پێشمەرگە، سەردانی ناوچەکەیان کردووە و لەگەڵ سەرکردەکانی پەکەکە لە ناوچەکەدا کۆ بوونەوەتەوە؛ دواتر فەرمان دراوە بەو هێزانە شەڕ بە پێشمەرگە بفرۆشن.




