٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فڕاكسیۆنی پارتی: بۆ نانەوەی ئاژاوە، حەشدی شەعبی هاوكاریی پەكەكە دەكات

سەرچاوە: KDP.info

 

بەغدا-KDP.info- سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، بوودجە و مووچەی چەكدارانی پەكەكە لەسەر حەشدی شەعبییە و، سەركردەكانی حەشدی شەعبی بۆ ئەوەی كێشە بۆ هەرێمی كوردستان دروست ببێت، هاوكاریی دارایی پێشكەش بە چەكدارانی پەكەكە دەكەن.

دكتۆر (عەرەفات كەرەم)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "زانیاریمان هەیە بوودجە و مووچەی پەكەكە لەلایەن هێزەكانی حەشدی شەعبییەوە دابین دەكرێت، بەشێك لەوانەیش ئەو ئێزدیانەن كە سەر بە پەكەكەن و ئەو مووچە و بوودجەیەی وەریدەگرن بۆ پەكەكە دەچێت، هەتا نوێنەرێكی كوردانی ئێزدی هەیە لە پەرلەمانی عێراق كە دەچێتە هەر شوێنێك خۆی بە كورد ناناسێنێت و زیاتر خۆی بە ئێزدی دەناسێت، ئەمەیش كاریگەری هەیە لەسەر ئەوەی سەركردەكانی حەشد هاوكارییان بكەن تەنیا بە مەبەستی ئەوەیەی ئەوانە نەبن بە پێشمەرگە، پیلانی بەغدا لە دابینكردنی مووچە و سەرچاوەی دارایی بۆ ئەو هێزانەی سەر بە پەكەكەن، تەنیا بۆ نانەوەی ئاژاوەیە تا كێشە لە هەرێمی كوردستاندا هەبێت".

سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد: "لە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر رەتكردنەوەی هەر دەستێوەردانێكی دەرەكی دراوە، هەتا بەپێی یاسا و بڕیاری پەرلەمانی عێراق نابێت وڵاتانی جیهان دەست بخەنە نێو كاروباری عێراق و هەرێمی كوردستانەوە، پارتی كرێكارانی كوردستانیش هیچ پەیوەندییەكی بە هەرێمی كوردستان و عێراقەوە نییە و هێزێكی دەرەكییە و كێشە بۆ هەرێمی كوردستان و شنگال دەنێتەوە، لەبەر ئەوە پێویستە بە زووترین كات هەرێمی كوردستان چۆڵ بكات و چەكدارانی خۆی بكێشێتەوە لە ناوخاكی هەرێمی كوردستان".

لەبارەی ئەوەی لە پەرلەمان باس لە رێگری لە هێزەكانی پەكەكە دەكرێت، دكتۆر (عەرەفات) دەڵێ: "ئێمە وەك فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان نامانەوێت كێشەی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان و لایەنە كوردییەكان ببەینە نێو هۆڵی پەرلەمانی عێراق، بەڵام لەوانەیە هێز هەبن لە نێو پەرلەمانی عێراق باس لە كێشەكە بكەن، تا لەو رێگەیەوە تانە لە هەرێمی كوردستان و پارتی بدرێت، ئەوەیش بۆ ئەوە نییە كێشەكە چارە بكەن، بەڵكوو بۆ ئەوەیە تا پێشمەرگە و سەركردایەتیی كوردی پێ ناشیرین بكەن".

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار