حكوومەتی هەرێم: ڕاپەڕین، سەركەوتنی ئیرادەی گەلی كوردستان بوو بەسەر داگیركاری و ستەمدا

هەولێر-KDP.info- لە یادی ڕاپەڕیندا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند، ڕاپەڕین كە بە فیداكاریی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان ئەنجام درا، سەركەوتنی ئیرادەی گەلی كوردستان بوو بەسەر داگیركاری و ستەم و دكتاتۆرییەتی ڕژێمی پێشووی عێراقدا.
ئەمەیش دەقەكەیەتی:
لە یادی ڕاپەڕینی شكۆداری ئاداری 1991ی گەلی كوردستاندا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ڕاپەڕین و تەواوی شەهیدانی كوردستان دادەنەوێنین، بەوپەڕی ڕێز و حورمەتەوە یادیان دەكەینەوە. هەر لەم یادەدا پیرۆزباییەكی گەرم لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان بە تایبەتی و لە گەلی كوردستان بە گشتی دەكەین.
ڕاپەڕین كە بە فیداكاریی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان ئەنجام درا، سەركەوتنی ئیرادەی گەلی كوردستان بوو بەسەر داگیركاری و ستەم و دكتاتۆرییەتی ڕژێمی پێشووی عێراقدا، سەلمێنەری ئەوەیش بوو كە ئیرادە و گیانی شۆڕشگێڕانەی گەلی كوردستان لە هەموو هێز و چەك و ستەمێك بەهێزترە و هیچ هێزێك ناتوانێت ئەو ئیرادەیە بشكێنێت.
ڕاپەڕین بەرهەم و بەردەوامیی شۆڕش و ڕاپەڕینەكانی پێشتری كوردستان بوو، گەلی كوردستان و دۆزی ڕەوای كوردستانی گواستەوە قۆناغێكی دیكەی مێژوویی كە دەسكەوتەكانی وەك هەڵبژاردنی پەرلەمان و دامەزراندنی حكوومەت و بیناكردنی دامەزراوەكان و هەنگاونان بۆ ئابووریی سەربەخۆی، بە دوای خۆیدا هێنا.
ئەمڕۆیش دوای 26 ساڵ لە ڕاپەڕین، پێشمەرگە قارەمانەكان و گەلی كوردستان بەگشتی بۆ پاراستنی دەسكەوتەكانی ڕاپەڕین و بنیاتنانی ئایندەیەكی باشتر، دلێرانە بەرامبەر بە تیرۆرستان ڕاوەستاون و لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرگری لە كوردستان و مرۆڤایەتی و بەها مرۆییەكان دەكەن.
ئەم یادە بە دەرفەتێك دەزانین بۆ ئەوەی دووبارە سوپاسی هەموو چین و توێژەكانی گەلی كوردستان بكەین كە هەستیاری و سەختیی دۆخی ئەمڕۆ و كێشە و قەیرانەكان تێدەگەن و دڵسۆزانە و بە گیانێكی بەرزی نیشتمانپەروەرانەوە بەرگەیان گرتووە و دەگرن. هیوادارین ئەم یادە پڕ شكۆیە ببێتە دەرفەت و هاندەرێك بۆ پێكەوەكاركردن و تەبایی لە نێوان هەموو لایەنەكاندا تا پێكەوە سەركەوتووانە ئەم قۆناغەش تێپەڕێنین و بگەینە كەناری ئارامی و سەركەوتن.
هەروەها سوپاسی وڵاتانی هاوپەیمان و دۆستان لە جیهان دەكەین كە وەك چۆن لە ڕاپەڕینی ئاداری 1991دا گەلی كوردستانیان پاراست و هاوكارییان كرد، ئەمڕۆش لەگەڵ پێشمەرگە قارمانەكان، لەگەڵ خەڵكی كوردستان بەرگری لە كوردستان دەكەن و تیرۆرستان تێكدەشكێنن.
دووبارە ئەم یادە مەزنە لە هەموو كوردستانییان پیرۆز بێت، هیوادارین یادەكانی داهاتوو لە سایەی بەدیهاتنی تەواوی ئامانجە ڕەواكانی گەلی كوردستاندا بكەینەوە. دڵنیاین سەركەوتن بۆ گەلی كوردستانە و ئایندەیەكی ڕووناك چاوەڕێمان دەكات.
بەرز و شكۆدار بێت یادی شەهیدان، سەركەوتنی یەكجاری بۆ گەلی كوردستان.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان
5/3/2017




