سەربەست لەزگین: ئەو هێزەی داعشی تێکشکاند، لە کەس ناگەڕێتەوە.. پەکەکە ئاگادار دەکەینەوە لە ناوچەکە دەربچن

شنگال-KDP.info- بەرپرسی میحوەری شنگالی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕایگهیاند، به فەرمی سەرکردایەتیی (پەکەکە)یان ئاگادار کردووەتەوە، تا دەست نەخەنە نێو کاروباری شنگالەوە، دەنا باجەکەی دەدەن. ههروهها رایگهیاند، ''(پەکەکە) لای ئێمە شتێکی بچووکە و، ئێمە بەرنامە و پلانی زۆر گەورەترمان لە پێشە. ئێمە ھیچ بەرنامەیەکی شەڕکردنمان نییە و شەڕ لەگەڵ کەس ناکەین، بەڵام ئەگەر بگاتە ڕادەیەک ئیدی قبووڵ ناکەین. ئێمە (پەکەکە) ئاگادار دەکەینەوە لە ناوچەکە دەربچن، دەنا دەریان دەکەین.''
ئێوارەی ئهمڕۆ شەممە 4-3-2017، فەرماندەكانی پێشمەرگە لە شنگال كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانییان لەبارەی رەوشی دەڤەرەكە ساز كرد. هەر لە كۆنگرەكەدا پێنج چهكداری (پەكەكە) ئازاد كران.
بەرپرسی میحوەری شنگالی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، دەربارەی ڕووداوەکانی ڕۆژی ڕابردووی شنگال و پێکدادانی نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و چەکدارانی (پەکەکە)، له كۆنفڕانسهكهدا زانیاریی نوێی بۆ میدیاکان درکاند و ڕایگەیاند، بە ھیچ شێوەیەکی لە (پەکەکە) قبووڵ ناکەن، سنوور بۆ پێشمەرگە دابنێت و ھۆشداریی ئەوەشی دا، ئەگەر (پەکەکە) ھەرکێشەیەکی دیکە بنێتەوە، باجی قورسی دەبێت. دەربارەی ھەڵوێستی ھەرێمی کوردستان و ھێزی پێشمەرگە سەبارەت بە شەڕ دەڵێ: ''ئێمە شەڕ لەگەڵ کەس ناکەین و لەلایەن (سەرۆک بارزانی)یەوە، شەڕی نێوخۆ حەرام کراوە، بەڵام بێدەنگ نابین، لەبەرامبەر ئەو بەڵافرۆشتنەی (پەکەکە)دا.''
(سەربەست لەزگین)، بەرپرسی میحوەری شنگال لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەڤانیدا لە شنگال ڕایگەیاند: ''با خەڵکی شنگال پرسیار لە خۆیان بکەن، چ قازانجیان لەوەدایە پاشەڕۆژی منداڵەکانیان تەسلیمی (پەکەکە) بکەن؟ (پەکەکە) لەوەتای دامەزراوە تا ئێستا نەیتوانیوە تەنیا یەک بست خاکی کوردستان ئازاد بکات و هەر دەیەوێت ئاLۆزی لە شنگالدا دروست بکات.. ئەگەر (پەکەکە) بییەوێ لەسەر ھەڵەکانی بەردەوام بێت، بێدەنگ نابین، چونکە (پەکەکە) بووەتە بەڵا بۆ ھەرێمی کوردستان و خەڵکی شنگال. بە شێوەیەکی فەرمی سەرکردایەتیی (پەکەکە)مان ئاگادار کردووەتەوە، دەست نەخەنە نێو کاروباری شنگالەوە، دەنا باجەکەی دەدەن.''
بەرپرسی میحوەری شنگال گوتی: ''ئێمە، وەک ھەرێم، نەمانویستووە شەڕی نێوخۆ بکەین و شەڕی نێوخۆ لەلایەن سەرکردایەتیی ھەرێمی کوردستان، (سەرۆک بارزانی)یەوە حەرام کراوە، بەڵام کاتێک خەڵکێک بەڵای خۆی بە ئێمە بفرۆشێت، ناچارین وەڵامی ھەڵەکانیان بدەینەوە.. مومکین نییە (پەکەکە) حوکم لەسەر خەڵکی ھەرێمی کوردستان بکات. (سەرۆک بارزانی) بە خەڵکی شنگالی ڕاگەیاندووە، ئێوە حوکم بەسەر خۆتاندا دەکەن و کەس بەسەر ئێوەدا ناسەپێنین. دەبێت خەڵکی شنگال بڕیاری چارەنووسی خۆیان بدەن، شنگال پارچەیەکی دانەبڕاوی خاکی کوردستانە و، بە شێوەیەکی گشتی ئێزدییەکان و 90%ی شنگالییەکان لەگەڵ ئەوەن، کە سەر بە ھەرێمی کوردستان بن. (پەکەکە) خەڵکی لە ڕووسیا و وڵاتانی دیکەوە ھێناوەتە شنگال و چەکداری کردوون، بۆ ئەوەی ئاژاوە بنێتەوە.''
(سەربەست لەزگین) دەشڵێ: ''چەندین کچ و کوڕی کوردی ئێزدی لەلایەن (پەکەکە)وە زیندەبەچاڵ کراون و ڕفێندراون. لە ساڵانی ڕابردوودا، چەندین جار گرژی دروست بووە و ئێمە تەحەمولمان کردووە. ئەوەی (پەکەکە) دەیکات، نە خزمەت بە (پەکەکە) دەکات و نە خزمەت بە خەڵک دەکات. با (پەکەکە) باش بزانێت، کە باجی ئەوە دەدات. بیست ڕۆژ بەرلە ئێستا فەرمان لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەرچووە، ھێزی پێشمەرگە لەنێوان کۆمەڵگەی خانەسۆر و سنوونێ جێگیر بکرێت، تا بڕیار لەبارەیەوە دەدرێت. ھێزی پێشمەرگە گەیشتنە شوێنی دیاریکراو، (پەکەکە) ھەندێ ژن و منداڵی بۆ ڕێگریکردن لە ھێزی پێشمەرگە کۆ کردنەوە، ئێمە بە (پەکەکە)مان ڕاگەیاندووە، ھێزی پێشمەرگە لە ناوچەکە ھاتوچۆ دەکات و کەس ناتوانێ بڕیار بۆ پێشمەرگە دەربکات.''
بەرپرسی میحوەری شنگالی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕوونی کردەوە: ''پێشمەرگە دەستی کراوەیە، (پەکەکە) بۆ ڕاگرتنی شەڕ پێوەندیی کرد و ئێمەش شەڕمان ڕاگرت. بەداخەوە خەڵکێک بوونە قوربانی. (پەکەکە) یەک ئامانجی ھەبوو، دەیویست ژمارەیەک ھاووڵاتی بێنێتە نێو سەنگەرەکانی خۆیەوە تا بە تەقەی پێشمەرگە بکوژرێن و نێوانی پێشمەرگە و خەڵکی شنگال تێک بچێت. (پەکەکە) لای ئێمە شتێکی بچووکە و، ئێمە بەرنامە و پلانی زۆر گەورەترمان لە پێشە. ئێمە ھیچ بەرنامەیەکی شەڕکردنمان نییە و شەڕ لەگەڵ کەس ناکەین، بەڵام ئەگەر بگاتە ڕادەیەک ئیدی قبووڵ ناکەین. ئێمە (پەکەکە) ئاگادار دەکەینەوە لە ناوچەکە دەربچن، دەنا دەریان دەکەین. هێزی پێشمەرگە لە کەس قبووڵ ناکات، کە ڕێگریی لێ بکات. ئێمە دەمانەوێت ئارامی لە ناوچەکەدا ھەبێت و خەڵک بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و ناوچەکە ئاوەدان بێتەوە. بەڵام بەڕاستی (پەکەکە) بووەتە بەڵای سەری ھەرێمی کوردستان. ئێمە بە شێوەیەکی فەرمی داوامان لە سەرکردایەتیی (پەکەکە) کردووە، دەست لە کاروباری شنگال بەردەن و، ئەگەر یەک بێئەقڵی بکەن، لێتان قبووڵ ناکەین. داوا لە (پەکەکە) دەکەین، ھیچ ھەڵەیەکی دیکە نەکەن، ئەو هێزەی دوژمنێکی وەک داعشی تێکشکاند، لە کەس ناگەڕێتەوە، نە لە (پەکەکە) و نە لە غەیری (پەکەکە) قبووڵ ناکەین، ھەڵەی بەو شێوەیە دووبارە بکەنەوە، چونکە ڕێگری سەرەکیی ئاوەداننەکردنەوەی شنگال، بوونی چەکدارانی (پەکەکە)یە لە دەڤەرەکەدا.''
قائید میرۆ





