ئەنەكەسە: چەند بارەگایەكمان لەلایەن پەیەدەوە سووتێندراون.. ئەندامێكی پەدەكەسەیش دەستگیر كراوە

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- بەرپرسی نووسینگەی ئەنەكەسە لە ھەرێمی كوردستان دەڵێ، پەیەدە لە رۆژئاوای كوردستان سێ بارەگای ئێمەی سوتاندووە و، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پەدەكەسەیشی دەستگیر كردووە.
(خالید عەلی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوای ڕووداوەكەی دوێنێ لە شنگال، چەكدارانی پەیەدە لە رۆژئاوای كوردستان ھێرشیان كردە سەر بارەگاكانی ئێمە و سێ بارەگایان لە دربێسی و لە رۆژھەڵاتی قامشلۆ و دوو بارەگای دیكەیان سووتاندووە و ئاڵای ئێمەیشیان ھێناوەتە خوارەوە".
(عەلی) گوتیشی: "ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پەدەكەسەیشیان بە ناوی (محەممەد عەلی ئیبراھیم) دەستگیر كردبوو لە یەكێك لە بازگەكانی خۆیان و بزریان كردبوو، دواتریش ھێناویانە بۆ گوندێكی سەر سنوور بۆ ئەوەی رەوانەی باشووری كوردستانی بكەن و لەرۆژئاوا دەری بكەن، بەڵام ئەنەكەسە داوای لێ كرد نەیەتە باشووری كوردستان و لەوێ لە خەباتكردن بەردەوام بێت ھەر چۆنێك بێت".
بەرپرسی نووسینگەی ئەنەكەسە دهشڵێت، پەیەدە لە ھەموو رۆژئاوای كوردستان باری نائاساییان راگەیاندبوو و رێگەیان نەدەدا ھاتوچۆ بكرێت و لە ھەموو شوێنێك بازگەیان دانابوو، بەو ھۆیەیشەوە ترسێكی زۆر لای خەڵك دروست ببوو و نەیان دەتوانی لە ماڵەوە بێنە دەرەوە.
بڵند ئیبراھیم




