٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان، داوا له‌ په‌كه‌كه‌ ده‌كات نەبێتە بەشێك لە پیلانی ناحەزان و، چیتر یاساكانی هه‌رێم پێشێل نه‌كات

سەرچاوە: KDP.info

 

هه‌ولێر-KDP.info-  سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان داوا ده‌كات، ناكۆكییەكان بە دانوستان چارەسەر بكرێن و، هاوكات له‌ په‌یامێكیدا داوا دەكات، سیاسەتی خۆسەپاندن و دیاردەی چەكداری لەلایەن پەكەكەوە لە ناوچەكەدا رابگیرێت، تا چیتر یاساكانی هەرێمی كوردستان پێشێل نەكاتەوە و هەڵەكانی پێشوو دووبارە نەكاتەوە و نەبێتە بەشێك لە پیلانی ناحەزان.

ده‌قی پەیامی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لە بارەی ڕووداوەكانی شنگال:

بە داخێكی زۆرەوە ئەمڕۆ 3/3/2017 ڕووداوێكی نەخوازراو لە دەڤەری شنگال روویداوە كە راستەوخۆ زیان بە بەرژەوەندییەكانی كوردستان بەگشتی دەگەیەنێت.

بە ناوی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانەوە، داوا لە هەموو لایەك دەكەین ئارامی بپارێزن و گرفت و ناكۆكییەكان بە دانوستان چارەسەربكەن و رێگە لە تەشەنەبوونی كێشە سیاسییەكان بگیرێت، بۆ ئەوەی چیتر خوێنی كورد بە دەستی كورد نەرێژرێت. هەروەها داوا دەكەین سیاسەتی خۆسەپاندنی و دیاردەی چەكداری لەلایەن پەكەكەوە لە ناوچەكەدا رابگیرێت و چیتر یاساكانی هەرێمی كوردستان پێشێل نەكاتەوە و هەڵەكانی پێشوو دووبارە نەكاتەوە و، نەبێتە بەشێك لە پیلانی ناحەزان دژ بە خەڵكی كوردستان و هێزە چەكدارەكانیشى لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكە دوور بخاتەوە كە چەندین ساڵە بە بیانووی جیاجیا و، بەتایبەتیش دوای هێرشەكانی تیرۆریستانی داعش، ئەم پێشێلكارییانەی ئەنجام داوە.

پەرلەمانی كوردستان، لە سۆنگەی پێگە و پێداگیریكردنی لە پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی كوردستان، شەری براكوژی قەدەغە كردووە و نابێت جارێكی تر ڕوو بداتەوە، لە هەمان كاتیشدا نابێت رێگە لە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، كە هێزێكی شەرعیی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستانە بگیرێت، بۆ ئەوەی بە ئەركی یاسایی و نیشتیمانیی خۆی هەڵبستێت لەپێناو پاراستنی یاسا و رێساكانی هەرێمی كوردستان و دەستكەوتەكانی.

سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان

3/3/2017

هەواڵی پەیوەندیدار