٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمەریکاییەکان بە شاندی ئەنەکەسەیان گوتووە، دژی ئەو ستەمەن پەیەدە دەیکات.. سنووری ناوچەی ئارام یەکلا نەبووەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

 

واشنتن-KDP.info-  بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنەكەسە رایدەگەیێنێت، دیدار و كۆبوونەوەی گرینگیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریكادا ئەنجام داوە و، ئەمڕۆیش لە دوو دانیشتنی جیادا لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەدا كۆ دەبنەوە.

(كامیران حاجۆ)، بۆ ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە ٢٦ـی مانگی ڕابردووەوە شاندێكی سێ كەسیی ئێمە لەسەر داوای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا سەردانی ئەمەریكامان كردووە و، رۆژی یەكەم لە ئۆفیسی (برات شیرمن) كۆنگرێسمانی كۆمارییەكان كۆبوونەوەیەكمان ئەنجام داوە، دواتریش سەردانی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانمان لە واشنتۆن كرد و، دوێنێیش دوو كۆبوونەوەی تری گرینگمان لە كۆنگرێسی ئەمەریكا ئەنجام دا، یەكەمیان لەگەڵ كۆمیتەی دەرەوەی كۆنگرێس و، دووەمیش لەگەڵ كۆمیتەی لەشكری كۆنگرێس بوو".

(حاجۆ) كە هاوكات ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریایشە، گوتی: "لە كۆبوونەوەكانماندا ڕەوشی سووریا بە گشتی و كوردستانی سووریایشمان بە تایبەت باس كردووە و، هەروەها باسمان لە گەڕانەوەی پێشمەرگەی رۆژ كرد كە پێویستە بگەڕێنەوە كوردستانی سووریا، هەروەها ستەم و زوڵم و سیاسەتی چەوتی پەیەدە و ڕەوش و زەحمەتی خەڵك و گۆرینی دیمۆگرافیای كوردستان كە دروست دەبێت هاتە باسكردن، بۆ ئەوەی بزانین ئیدارەی نوێی ئەمەریكا چ دەكات و پێویستە چ بكات. لەلایەنی ئەمەریكایش تێگەییشتنی باش هەبوو، بە ئێمەیان گوت زانیارییەكانی ئێوە نوێن بۆ ئێمە و مافی ڕەوای پێشمەرگەیە بگەرێنەوە بۆ رۆژئاوا، ئەو ستەمەی پەیەدەش دەیكات، ئێمە دژی دەوەستینەوە".

بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنەكەسە ئاماژەیشی دا: "بۆ دروستكردنی ناوچەی ئارامیش لە سووریا، شتێكی فەرمیی تا ئێستا نییە، تەنیا پێشنیاز هەیە، لەوانە دەڵێن لە هەرێمی جەرابلسەوە و تا عەفرین بێت، پێشنیازی تریش هەیە هەرێمی باشوور بێت لە ناوچەی دەرعا نزیك ئوردن، یانیش لەوانەیە لە ناوچەی كوردی بێت و، ئەمڕۆیش كۆبوونەوەیەك لە ئەمەریكا لەبارەی ئەو پرسەوە هەیە".

دەشڵێت: "ئەمڕۆ پێنجشەممە دوو دانیشتنی گرینگمان دەبێت لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكادا، دواتریش رۆژی هەیینی دانیشتنمان لەگەڵ (برێت مەكگۆرك) نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانەتیی شەڕكردن دژی داعش، دەبێت".

نەشوان بەرزنجی

 

هەواڵی پەیوەندیدار