كۆچ و كۆچبەران: كۆچی پێچەوانە دەستی پێکردووە

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی بەشی پەنابەر و رەوەندی كوردی لە بەڕێوەبەرایەتیی كۆچ و كۆچبەرانی ھەولێر ڕایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن كۆچكردن بۆ دەرەوە جارێكی دیكە دەستی پێ كردووەتەوە، راست نین، بگرە لە ئێستادا كۆچكردن ھەر نەماوە و ئەوانەی كۆچیشیان كردەوە، دەگەڕێنەوە.
(نەزھەت حوسێن)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ھەندێك دەنگۆ بڵاو كراونەتەوە كە باس لەوە دەكەن جارێكی دیكە كۆچكردن بۆ دەرەوە دەستی پێ كردووەتەوە، بەڵام ئەمە بە ھیچ شێوەیەك راست نییە و كۆچكردن بە تایبەت لەمساڵدا بە تەواوەتی نەماوە و خەڵك ئێستا كۆچ ناكەن، بگرە ئەوانەی كۆچیشیان كردووە ناوی خۆیان تۆمار كردووە و دەگەڕێنەوە ھەرێمی كوردستان".
(حوسێن) گوتیشی، ئەوەی دەگوترێت ھەمووی پڕوپاگەندەیە و ھیچ راست نییە، ئێستایش پەنابەرانی كورد لە وڵاتانی ئەڵمانیا و فنلەندا و چەند وڵاتێكی دیكە دیپۆرت دەكرێنەوە بۆ ھەرێمی كوردستان، بۆیە خەڵك ئێستا كۆچ ناكات وئەوانەی كۆچیشیان كردەوە، زۆریان گەڕاونەتەوە.
بەرپرسی بەشی پەنابەر و رەوەندی كوردی دەشڵێت: "گەڕانەوەی پەنابەران بەردەوامە و كاروان دوای كاروان دەگەڕێنەوە، بەڵام چاوەڕێ دەكرێت ئەو وڵاتانەی دیپۆرتیان دەكەنەوە، ھاوكارییان بكەن و پێش دوو رۆژیش شاندێكی ھۆڵەندا لای ئێمە بوو و داوامان لێ كردن ئەوانەی دەگەڕێنەوە ھاوكارییان بكەن".
بڵند ئیبراھیم




