٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

18 هەزار خێزانی ئاوارەی كەركووك قەرەبوو دەكرێنەوە

سەرچاوە: KDP.info


كەركووك-KDP.info-  ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بڕیاری دا، هەر خێزانێكی ئاوارە 200 مەتر زەویی لەسەر تاپۆ بكرێت. ئەندامێكی ئەنجوومەنیش دەڵێ، نزیكەی 18 هەزار خێزانی ئاوارەی كورد لەو بڕیارە سوودمەند دەبن و بەم زووانەیش دەكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە.

(ئەحمەد عەسكەری)، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوێنێ ئەنجوومەنی پارێزگا كەركووك كۆبوونەوەیەكی بەڕێوە برد و تێیدا بڕیاری قەرەبووكردنەوەی خێزانە ئاوارەكانی پەسەند كرد، ئەوانەی پێشتر لە چوارچێوەی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق گەڕاونەتەوە شاری كەركووك و سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی، چونكە بە بیانووی نەبوونی زەویی پێویست، فەرمانگەكان ئامادە نەبوون هیچ پارچەزەوییەك بدەن بەو ئاوارە كوردانە، لەبەر ئەوە ئێمە وەك لیستی برایەتی پڕۆژەیەكمان ئامادە كرد و دوێنێ بە كۆی دەنگ پەسەند كرا".

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك گوتیشی: "بڕیارەكە نزیكەی 18 هەزار خێزانی ئاوارە دەگرێتەوە و هەموویشیان كوردن ئەگەر تاك و تەرا توركمان یان عەرەبی تێدا بێت، ئەو ئاوارانە پێشتر لە نووسینگەی مادەی 140 بڕی 10 ملیۆن دینار قەرەبوویان پێ دراوە و بڕیار بوو لە زەوییەكی 200 مەترییش سوودمەند بن، كەچی هەر جێبەجێ نەكرا".

(عەسكەری) ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "مادام عێراق ئامادە نییە ماددەی 140 جێبەجێ بكات، تا رادەیەك لامەركەزییەت هەیە و ئەوەی پێمان بكرێت بۆ خەڵكی خۆمان بڕیاری لێ دەدەین، دەسەڵات دراوە بە فەرمانگەكان و لە داهاتوویەكی نزیكدا هەر خێزانێكی گەڕاوەی ئاوارە 200 مەتر زەویی لەسەر تۆمار دەكرێت، ئەوانەیشی پارەیان وەرنەگرتووە، ئێستا لە نووسینگە سەرقاڵی وەرگرتنی پارەی قەرەبوون".

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار