٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حکوومەت لە وەڵامی هیومان رایتس وۆچدا: زۆربەی دەستگیرکراوان داعش بوون

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ لە دواڕاپۆرتیدا باس لە دەستگیرکردنی ئەو پیاو و مێرمنداڵانەی کە لە دەست داعش رادەکەن و، لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە وەڵامدا دەڵی، ئەو کەسانەی کە گومانیان لەسەرە یان داواکراون رێوشوێنی ئەمنییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر و، تەنیا لە سەنتەری پێشوازیی کەمپی دیبەگە زیاتر لە (2000) کەس دەستگیر کراون و بەشێکی زۆریان بە بەڵگەی تەواوە دەرچووە کە ئەندامی داعش بوون؛ هەیانە دوو ساڵ لە ریزەکانی داعش بوون، تەنانەت قەنناسبەدەستى داعش بوون و بەشداریی خولی مەشق و راهێنانی سەربازی و هزری داعشیان کردووە.


رۆژی 26/2/2017 رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ راپۆرتێکی بە ناوی هەرێمی کوردستان: دەستگیرکردنی ئەو پیاو و مێرمنداڵانەی کە لە دەست داعش رادەکەن و، تێیدا باس لە دەستگیرکردنی سەدان پیاو و مێر منداڵ کە لە کەمپەکان نیشتەجێن لەلایەن هێزەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەکات، ئەوانەی لە دەست داعش رایانکردووە بێ ئەوەی کەسوکاریان لە دەستگیرکردنیان ئاگادار بکرێنەوە یان زانیارییان پێ بدرێت.

لە وەڵامی راپۆرتی رێکخراوی ناوبراودا لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە ئەنجوومەنی وەزیران بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:

لە دوای هاتنی داعش حکوومەتی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی بارودۆخێکی سەخت بۆوە لە هەمووە رووەکانەوە و، هاتنی ئاوارە و پەنابەران جگە لەوەی لە رووی ئابووری و داراییەوە بارودۆخی هەرێمی ئاڵۆز کرد، لە رووی ئەمنییشەوە ئەرکێکی زیاتری خستە سەر شانی دامودەزگا ئەمنییەکان، چونکە لە رۆژی هاتنی داعش و داگیرکردنی مووسڵ و ناوچەکانی دەوروبەری بە سەدان هەزار ئاوارە روویان لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کرد. بۆ رێکخستنی هاتنی ئەم ژمارە زۆرەی ئاوارە و نیشتەجێکردنیان و پاراستنی ئاسایشی هەرێم و  سەلامەتی هاووڵاتیان بە ئاوارە و پەنابەرانیشەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند رێوشوێنێکی ئەمنییان گرتە بەر کە گشت دانیشتوانی هەرێم دەگرێتەوە بەبێ جیاوازی.

سەبارەت بەم رێوشوێنانەی کە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێم دەیگرنە بەر، دیارە بەشی هەرەزۆری راگوێزراوان لە رێگای ساترەکانی پێشمەرگەوە روو لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی حکوومەتی هەرێم دەکەن، ئەمەش ئەرکی هێزەکانی پێشمەرگە لە ساترەکان قورس دەکات و لە هەمان کاتدا دوور نییە کەسانێکی سەر بە داعش لەنێو ئاوارە و راگوێزراواندا هەوڵ بدەن خۆیان بگەیەننە ساترەکان. لەگەڵ هاتنى راگوێزراوان بۆ ساترەکان وەک رێوشوێنێکی ئەمنی، تەنیا پیاوەکان دەپشکێندرێن ئەویش پشکنینێکی زۆر ئاساییە بۆ دڵنیابوون لە نەبوونی کەسانی تیرۆریست و خۆکوژ لە نێویاندا، دواتر دەگوازرێنەوە بۆ سەنتەرەکانى پێشوازى. لە دواى گواستنەوەیان لەوێیش تەنیا پیاوەکان دەپشکێندرێن و بەهیچ شێوەیەک پشکنین بۆ ئافرەتان ئەنجام نادرێت، تەنانەت خودی رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان گلەییی ئەوەیان کردووە کە بۆچی ئافرەتەکان ناپشکێندرێن، بەڵام بەهۆی رەچاوکردنی دابونەریتی کۆمەڵایەتی و حورمەتی خەڵکەکە تا ئێستا ئافرەتە راگوێزراوەکان پشکنینیان بۆ ئەنجام نادرێت.
پرۆسەی لێکۆڵینەوە لەگەڵ کەسانی گومانلێکراو لە چوارچێوەی ئەو رێوشوێنە ئەمنیانەیە، چونکە زۆر جار لەگەڵ راگوێزراوان کەسانی خراپەکار و داواکراویشیان تێدایە و بەشێکیان لە ترسى ئەوە هاتوون کە تۆڵەیان لێبسەندرێتەوە لەلایەن دانیشتوانى ناوچەکەیان، بۆیە لایەنە پەیوەندیدارەکان ناچارن کە لێکۆڵێنەوە لە ناوەکانیان بکەن و زانیارییان لەسەر وەربگرن، لە سەنتەرەکانی پێشوازی ئەو کەسانەی کە گومانیان لەسەرە یان داواکراون رێوشوێنی ئەمنییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر دواتر رەوانەی ئاسایش و دادگا دەکرێن بۆ ئەنجامدانی رێوشوێنی پێویست بەرامبەریان و تا ئێستا  تەنیا لە سەنتەری پێشوازی کەمپی دیبەگە زیاتر لە (2000) کەس لە رێگای سەنتەرەوە دەستگیر کراون لەوانە بەشێکی زۆریان بە بەڵگەی تەواوە دەرچووە کە ئەندامی داعش بوون هەیانە دوو ساڵ لە ریزەکانی داعش بوون، تەنانەت قەنناسبەدەستى داعش بوون و بەشداریی خولی مەشق و راهێنانی سەربازی و هزری داعشیان کردووە.

سەبارەت بە پرۆسەی دەستگیرکردن لە سەنتەرەکانی پێشوازی و کەمپەکان، ساترەکانی پێشمەرگە یەکەم خاڵی هاتنی راگوێزراوانە، بەڵام لە ساتر هیچ جۆرە لێکۆڵینەوە و وردبوونەوەیەک لە ناوەکاندا ناکرێت، چونکە سەنتەرەکانی پێشوازی فلتەری یەکەمە بۆ جیاکردنەوەی ناوەکانیان و پێویستە وردبینی لە زانیارییەکان بکرێت. پرۆسەی لێکۆڵینەوە لە سەنتەرەکانی پێشوازی تەنها تۆمارکردنى زانیاری و پرسیارکردنە لە ناو و شوێنى نیشتەجێبوونیان و، بە شێوەیەکى ئاشکرا بە بەر چاوى خەڵک و رێکخراوەکانەوەیە پرسیار و وردبینیەکە ئەنجام دەدرێ. دواتر ئەو زانیاریانەى کە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە راگوێزراوان وەرگیراوە بۆ سەرچاوەکانى زانیارى دەنێردرێن بۆ بەراوردکردنیان و دڵنیابوون لە راستى و دروستىییان، دوای دەستگیرکردنی کەسانی گومانلێکراو یان داواکراو کەسوکاریان لە دەستگیرکردن و تۆمەتەکان ئاگادار دەکرێنەوە، ماوەى مانەوەی دەستگیرکراوان لەلایەن دامودەزگاکانی ئاسایش و پۆلیس تەنها (24) کاتژمێرە، ئەگەر دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت بێ تاوانە، ئەوا ئازاد دەکرێ، بەڵام ئەگەر سەلمێندرا پەیوەندیی بە تیرۆریستانەوە هەیە ڕەوانەى دادگاى تایبەت دەکرێ، دوای ئازادکردنەوەی ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی داعش بوون زۆر جار لە میانەی شەڕەکاندا هەندێک کەس دەستگیر کراون، بەڵام دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە ئەوانەی کە بێتاوانن ئازاد دەکرێن و ئەوانەی کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبێت، بەپێی رێوشوێنی یاسایی رەفتاریان لەگەڵدا دەکرێت.

رێکخراوە خێرخوازییە نێودەوڵەتییەکانی وەک (دەزگای خێرخوازیی بارزانی، UNHCR، قەندیل و چەندین رێکخراوی دیکە) نووسینگە و نوێنەرایەتییان لە سەنتەرەکانی پێشوازی هەیە بۆ یارمەتیدانی راگوێزراوان لە کاتی پێویست و دابینکردنی پێداویستییەکانیان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی خۆراک و ئاویان بۆ دابین دەکات و،  UNHCRهەڵدەستێت بە دابینکردنی شوێنی حەوانەوە و خێمە، رێکخراوی قەندیل یارمەتییان دەدات لە رووی یاساییەوە وەک راوێژی یاسایی و ئەوانەی کە دەستگیر دەکرێن و پێویستییان بە پارێزەر هەبێت ئەوا بۆیان دابین دەکات. لە هەمان کاتدا ئاشنایان دەکات بە مافەکانی خۆیان، جگە لەمانە چەند رێکخراوێکی دیکە هەڵدەستن بە پێشکەشکردنی هاوکاری لە بوارەکانی پەروەردە و منداڵان.

سکرتاریەتی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان

هەواڵی پەیوەندیدار