٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی زانکۆی بەیان: هەر گۆڕانکارییەک لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا بکرێت، پرسوڕا بە سەرۆک بارزانی دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکی زانکۆی (بەیان) لە ھەرێمی کوردستان دەڵێ، ئێستا هەر گۆڕانکارییەک لە ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاستدا بکرێت، پرسوڕا بە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، ئەمەش بۆ ھەرێمی کوردستان ھەنگاوێکی گەورەیە.

سەرۆکی زانکۆی (بەیان) لە ھەرێمی کوردستان و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق (د. سەعید خۆشناو) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە کۆنگرەی میونشن، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی سەرۆکی وڵاتان داوەتنامەی فەرمیی بۆ ھاتووە، لەکاتێکدا ھەرێم ھێشتا بەشێکە لە عێراق و، جگە لەوەش لەو کۆنگرەیەدا نیزیکەی ٣٠ سەرۆک وڵات و ٨٠ وەزیر و٥٠٠ کەسایەتیی جیھان بەشدار بوون و پڕدیدارترین شاند لەو کۆنگرەیەدا، شاندی ھەرێمی کوردستان بوو، بەجۆرێک کێبرکێ دەکرا لەسەر چاوپێکەوتنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، کە ئەمە بۆ ھەرێمی کوردستان ھەنگاوێکی زۆر گەورەیە.''

سەرۆکی زانکۆی (بەیان) گوتی: ''ئەمە زیاتر بۆ کەسایەتیی (سەرۆک بارزانی) دەگەڕێتەوە، کە ئەزموونێکی باشی ھەیە و ھەموو ژیانی خۆی لە سیاسەتدا بەسەر بردووە، بۆیە ئێستا وای لێ ھاتووە دەربارەی گۆڕانکارییەکانی ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاست پرسوڕای پێ دەکرێت و ھەر گۆڕانکارییەک بکرێت، پرسی پێ دەکەن.''

(د. سەعید خۆشناو) ڕوونی کردەوە: ''پێشتر تورکیا ڕەنگی ترافیکلایتەکانی خۆی دەگۆڕی، لەبەر ئەوەی ڕەنگەکانی لە ڕەنگی ئاڵای کوردستان بوون. کەچی ئێستا لە فڕۆکەخانەی (ئەتاتورک)، کە گەورەترین فرۆکەخانەی ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاستە، ئاڵای کوردستان لەگەڵ ئاڵای وڵاتان ھەڵکراوە، لەکاتێکدا ئێمە ھێشتا نەبووینەتە دەوڵەت. ئەمەش لە گەورەییی گەل و سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە، نەک لەبەر ئەوەی تورکیا کاری بە ئێمەیە.''

سەرۆکی زانکۆی (بەیان) گوتیشی: ''ئەم ھەنگاوە گۆڕانکارییە لە سیاسەتی تورکیادا و پێشڤەچوونی دۆزی کوردە و دداننانە بە واقعی ھەرێمی کوردستاندا، چونکە دەزانن ناتوانن ببنە ڕێگر لەبەردەم نەتەوەیەک و دۆزی کورد بووەتە ئەمری واقع.''

بڵند ئیبراھیم 
 

هەواڵی پەیوەندیدار