جانۆ: کورد گەیشتووەتە قۆناخی دیپلۆماسیی بەهێز

بەغدا-KDP.info- ئەندامی لێژنەی پێوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (ڕێناس جانۆ) دەڵێ، کورد گەیشتووەتە قۆناخی دیپلۆماسیی بەهێز. دەشڵێ، وەک لە تورکیا ئاڵای کوردستان بۆ پێشوازیی (سەرۆک بارزانی) هەڵکرا، دەبێ لە وڵاتانی دیکەش هەڵبکرێت.
(ڕێناس جانۆ)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''لە ئەتەکێتی دیپلۆماسیدا زۆر زۆر ئاسایی و نۆرماڵە ئاڵای کوردستان هەڵبکرێت و، ئەوەی کە پێش ئێستا ئاڵای کوردستان هەڵنەدەکرا، ڕاست نەبوو، ئەمەی ئێستا ڕاستە. لەدوای بڕیاردان لەسەر دەستووری عێراق و دەنگدان بە دەستووری عێراق و بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە کوردستان ببێتە هەرێمێکی فیدراڵ لەم وڵاتەدا، زۆر زۆر ئاسایییە و دروستەکەی ئەوەیە، کە ئاڵای کوردستان هەبێت. ئەوەی کە پێش ٢٠٠٥ نەبوو، لەبەر ئەوە بوو، کە مافی دەستووریمان نەبوو، بەڵام ئەوەی ئێستا مافێکی دەستوورییە.''
ئەندامی لێژنەی پێوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی: ''ئێستا کە ئاڵای کوردستان لە تورکیا دادەنرێت، لە عورفی دیپلۆماسیدا شتێکی ئاسایییە. پێشتر هەندێک لایەنی سیاسیی تورکیا دژکردەوەی خراپیان سەبارەت بە کوردستان و ئاڵای کوردستان هەبوو، بۆیە ئێستا ئەم حاڵەتە بە دەستکەوتێکی گەورە دەبینن، دەنا لە عورفی دیپلۆماسیدا دەبێ لە هەموو شوێنێک ئاڵای کوردستان هەبێت. تەنیا لە کۆشکی کۆماریدا ئازادن بەتەنیا ئاڵای خۆیان دابنێن، بەڵام دەبێ لە هەموو شوینێک هەبێت، تەنانەت دەبێ بە ئۆتۆمبێلەکانیشەوە هەبێت.''
(ڕێناس جانۆ) دەڵێ: ''ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا دروست بووە، ئەنجامی ئەوەیە کە (سەرۆک بارزانی) ١٨٠ پلە گۆڕانکاریی بەسەر سیاسەتی هەرێمایەتیی کوردستاندا هێناوە، نەک هەر هی تورکیا. ئێستا کەسایەتیی (بارزانی) میحوەری و سەرەکییە، کاریگەریی زۆر گرینگی لەسەر ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە هەیە. (بارزانی) کاراکتەری کارای ناوچەکەیە و ئێستا هەرێمی کوردستان کاریگەریی لەسەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە.''
(جانۆ) دەشڵێ: ''بەشداریی (سەرۆک بارزانی) لە میونشن، کە شانبەشانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەشداری کردووە، پەیامێکی زۆر گرینگە و، ئەو دانوسانانەی لە میونشن لەسەر ئاستی وەزیر و وەزیری دەرە لەگەڵ سەرۆک کرا، پەیامێکی گرینگە، بۆ ئەوەی کە کورد گەیشتووەتە قۆناغی دیپلۆماسیی بەهێز.''
کارزان سەباح هەورامی




