٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جەواد سیامەند: لە گۆڕانكارییەكاندا، پێگەی جەماوەریی ئەنەكەسە لە بەرچاو دەگیرێ

سەرچاوە: KDP.info


رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- چاودێرێكی رەوشی سووریا پێی وایە، باڵانسی هێز لە رۆژئاوای كوردستان دەگۆڕێت و، دوای نەمانی داعش ئەو هێزانە زیاتر رۆڵیان دەبێت كە خاوەنی پێگەی جەماوەرین و بە هۆكاری جیاواز تا ئێستا دەرفەتی ئەوەیان پێ نەدراوە رۆڵی خۆیان بگێڕن لە سووریادا. ئاماژەیشی دا، لەمەودوا هیچ پڕۆژەیەك لە رۆژئاوای كوردستان بە بێ لەبەرچاوگرتنی پێگەی جەماوەریی ئەنەكەسە، بەڕێوە ناچێت.


(جەواد سیامەند)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەو هێزانەی لە رۆژئاوای كوردستان دەستیان لەگەڵ رژێمی (ئەسەد) و ئەجێندای دەرەکی تێكەڵ كردووە و دەستەڵاتیان گرتووتە دەست، كۆتایی یارییەكە نییە و كاتی زۆر ماوە بۆ ئەو هێزانەی جەماوەریان هەیە و وەك پێویست لە رۆژئاوای كوردستان دەرنەكەوتبن، ئەویش بە هۆی لەبەرچاوگرتنی رەوشی سووریا، یەكێك لەو هێزانە پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا "ئەنەكەسە" و لایەنەكانی نێو ئەنجوومەنی كوردین، كە هێزی زۆریان هەیە و پێگەی جەماوەرییان لە هێزەكانی دیكە زیاترە، لە داهاتووی ناوچە كوردستانییەكانی رۆژئاوادا هیچ پڕۆژەیەك دەرباز نابێ ئەگەر بەڵێی زۆرینەی خەڵكی لەسەر نەبێ، راستە هێزی دیكە هەن بە تایبەتی لە ڕووی سەربازییەوە بوونیان لەسەر گۆڕەپانی سووریا دیارە، بەڵام لە ڕووی جەماوەرییەوە ئەگەر نیوە زیاتر نەبێت كەمتر نییە ئەو خەڵكەی لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردیدایە".

ئەو چاودێرەی كاروباری سووریا ئەوەیشی خستە ڕوو: "پێویستە لە پاشەڕۆژی رۆژئاوای كوردستاندا ئەو هێزانەی دەرفەتی كاریان پێ نەدراوە، رۆڵی خۆیان بگێڕن و لەو باوەڕەدام لەو گۆڕانكاریانەی بەڕێوەن، ئەو هێزانە دێنە گۆڕەپانی خەبات و رۆڵی راستەقینەی خۆیان دەبینن".
لەبارەی گۆڕانكارییەكانی داهاتوو و پاشەڕۆژی هێزە كوردییەكانیشەوە، دەڵێ: "دوای نەمانی شەڕی داعش ئەو هێزانەی لە رۆژئاوای كوردستان هێزیان هەیە، پێشبینی دەكرێت دوابڕیار لای ئەوان نەمێنێ، چونكە بە هۆی شەڕی داعشەوە خەڵكێك چەك و تەقەمەنی لە رژێمی سووریا وەردەگرت و لایەنیش هەبووە چەكی نەبووە بۆ شەڕكردن، دوای نەمانی داعش و لاوازبوونی هێزە لابەلایەكانی وەك بەرەی نووسرە و هەموو ئەو هێزانەی لەلایەن وڵاتان دیكەوە خزێندراونەتە نێو سووریا و ئەوانەیشی دەزگەی هەواڵگری دورستی كردوون، رۆڵیان زۆر كەم دەبێتەوە، ئەو كات ئەنەكەسەیش دێتە مەیدانەكە و ئەمەریكایش وڵاتێكی ئەوەندە بێئاگا نییە نەزانێ ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد جەماوەری بەرچاوی خۆی هەیە".
(سیامەند) گوتیشی: "پێم وایە چەندی كۆبوونەوەی دیكە لەبارەی رەوشی سووریاوە بكرێن و هەر لە ئاستانا یەك و دوو و جنێف یەك و دوو سێ هەتا جنێف بیستیش دەچێت، هیچ چارەیەك بۆ رەوشی سووریا ناكرێت، تەنیا ئەو كۆبوونەوە و كۆنفڕانسانە بۆ را گۆڕینەوەیە، وڵاتانی زلهێزی جیهان دەیانەوێ لەو رێگەیەوە بزانن هێزەكانی سووریا چییان پێیە و هێزیان چەندە، واتە زیاتر وەك گوێلێگرتن وایە، نەوەك دوابڕیار لەبارەی رەوشی سووریاوە بدەن، هەموو ئەو چالاكیانەی تا ئێستایش لەبارەی رەوشی سووریاوە كراون لە چوارچێوەیەكی راوێژكاریدا بوون، هەر دیاریشە هێندەی تۆزقالێك لەسەر زەوی بڕیارەكانیان جێبەجێ نەكراون و هیچ هەنگاوێكی كرداری بەرەو چارەكردنی رەوشەكە نەنراوە".

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار