٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەڵگورد حیکمەت: تا مانگی دابێ بایۆمەتریی وەزارەتی پێشمەرگە تەواو دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، تۆمارکردنی ناوەکان لە پرۆسەی بایۆمەتریدا لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە و بڕیارە تا کۆتاییی مانگی دابێ ھەموو ھێزەکانی پێشمەرگە ناوی خۆیان تۆمار بکەن.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، (عەمید ھەڵگورد حیکمەت) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''نیزیکەی ٢٠ ڕۆژ دەبێت تۆمارکردنی ناوەکان بۆ پرۆسەی بایۆمەتری لە وەزارەتی پێشمەرگە دەستی پێ کردووە و تا ئێستا دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە تەواو بووە.''

(عەمید ھەڵگورد حیکمەت) گوتی: ''ئەو پرۆسەیە بەبێ جیاوازی ھەموو ھێزەکانی پێشمەرگە، بە یەکەکانی ٧٠ و٨٠شەوە دەگرێتەوە.''

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونی کردەوە: ''بڕیار دراوە لیژنە دروست بکرێت بۆ ئەوەی ھێزەکانی یەکەکانی ٧٠ و٨٠ لە پرۆسەی بایۆمەتریدا دەست بە تۆمارکردنی ناوەکانیان بکەن.''

(حیکمەت) دەشڵێ: ''بڕیارە تاکو مانگی دابێ ھەموو هێزەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ناوی خۆیان لە پرۆسەی بایۆمەتریدا تۆمار بکەن و کۆتایی پێ بێت.''

بڵند ئیبراھیم 
 

هەواڵی پەیوەندیدار