٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مۆسكۆ، نوێنەرى سەرۆك بارزانى لە گفتۆگۆكانى ئایندەى ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاستدا بەشداریی کرد

سەرچاوە: KDP.info

مۆسکۆ-KDP.info-  (هێمن هەورامی)، نوێنەری سەرۆک بارزانی لە کۆنفرانسی ئایندەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لە مۆسکۆ بەشداریی کرد و لە یەکەم دیداریشیدا لەگەڵ نوێنەری سەرۆکی ڕووسیا کۆبووەوە.

لە مۆسكۆى پایتەختى ڕووسیا، كۆنفرانسێك بە ناوى (ئایندەى ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست) ڕێكخرا، كۆنفرانسەكە بە ئامادەبوونى (میخائیل بۆگدانۆڤ)، نوێنەرى تایبەتى سەرۆكى ڕووسیا بۆ كاروبارى ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست و سەرۆكى ئەنجوومەنى فیدراڵیى ڕووسیا و چەندین کەسایەتیی دیپلۆمات و ئەكادیمى بەڕێوەچوو. (هێمن هەورامى)، ڕاوێژکاری (سەرۆك بارزانى) بە نوێنەرایەتیى سەرۆك لە كۆنفرانسەکەدا بەشداریی کرد. ئەم كۆنفرانسە لە چەندین پانێڵ و دانیشتنى دووقۆڵى و چەندقۆڵى پێك هات و لەسەر ئایندەى ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست، وەک پرسى عێراق، سووریا، شەڕى تیرۆر، یەمەن و فەڵەستین گفتوگۆ کرا.

بەشداربووانى كۆنفرانسەكە لە وڵاتانى (ئەمەریكا، ڕووسیا، ئێران، ئیسرائیل، فەڵەستین، عێراق، میسر، بەریتانیا، سعوودیە، لوبنان، ئوردن، توركیا)ەوە بە فەرمی بانگهێشت كراون. بانگهێشتى فەرمیی بۆ سەرۆكى هەرێمى كوردستان (مەسعوود بارزانى) هاتبوو، (هێمن هەورامى) بە نوێنەرایەتیى (سەرۆك بارزانى) لە كۆنفرانسەكەدا بەشداریی کرد.

ئەجێنداى كۆنفرانسەكە خوێندنەوەیەكە بۆ ئایندەى ئەو وڵاتانەى دەكەونە نێو ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست و ئێستا لە قەیراندان. لە كۆنفرانسەكەدا کەسایەتییە سیاسی و ئەکادیمییەکانی وڵاتانی دیاریکەری سیاسەتی ناوچەکە بەشدارییان کردووە. هەربۆیە بە کونفرانسێکی شەرعی لەقەڵەم دەدرێت. بەو پێیەى ئێستا هەرێمى كوردستان و (سەرۆك بارزانى) ڕۆڵێكى ئەرێنى لە ناوچەكەدا دەگێڕن، ئامادەبوونى نوێنەرى (بارزانى) لە كۆنفرانسى ئایندەى ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاستدا، لە مۆسكۆى پایتەختى ڕووسیا زۆر گرینگە. هەروەها لە پەڕاوێزى كۆنفرانسەكەشدا (هێمن هەورامى)، یارەیدەدەرى (سەرۆك بارزانى) لەگەڵ (میخائیل بۆگدانۆڤ)، نوێنەرى سەرۆكى ڕووسیا كۆبووەوە و لەڕێی (بۆگدانوڤ)ەوە سڵاوى (سەرۆك بارزانى) گەیاندە سەرۆكى ڕووسیا و سوپاسى لێدوان و هەڵوێستە پۆزەتیڤەكانیانی لەسەر كوردستان و ڕۆڵى پێشمەرگە و مافى چارەى خۆنووسینى گەلى كورد كرد.

سەنگەر هەورامى 

هەواڵی پەیوەندیدار