جەمال مۆرتكە: چاوەڕوان دەكرێ داعش تاكتیكی شەڕ بگۆڕێت.. دەبێ ڕێیان لێ بگیرێت

هەولێر-KDP.info- فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگە باس لە ئەگەری گۆڕینی تاكتیكی داعش دەكات و دەڵێت: "دەبێت رێگا لە جووڵەی داعش بیگرێت كە ئێستا بەنیازی گۆڕینی تاكتیكن".
(جەمال مۆرتكە)، فەرماندەی هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هەندێك خاكی كوردستان ماوە لە شنگال كە تا ئێستا ئازاد نەكراوە، تا بستێك خاكی كوردستانیش بمێنێت پێشمەرگە واز لە داعش ناهێنێت و لێیان دەستێنێتەوە، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت داعش تاكتیكی شەڕی بگۆڕێت لە گوێڕ و مەخموور دووبز و لە كەركووكیش چالاكی دەست پێ بكاتەوە، كە دەیانەوێت شەڕەكە بكەنە شەڕێكی ئەهلیی ناوخۆیی و، شیعە و سوننەیش لە یەكتری بەربدەن، لە هەمان كاتدا بتوانن ستراتیژی خۆیان لە هێرشی چەكدارییەوە بۆ هێرشی پارتیزانی بگۆڕن و لە هەر ناوچەیەك بوونی خۆیان بسەلمێنن".
(مۆرتكە) گوتیشی: "لە سنووری شەنگال و رەبیعە هێزی پێشمەرگەی كوردستان كۆنتڕۆڵی سنووری عێراق و سووریای كردووە و رێگای هاوكاریی لە داعش بڕیوە، بەڵام لە رێگای قائیم و باعەدر و ئەنبارەوە داعش كۆنترۆڵ نەكراوە و هاتوچۆیان هەیە".
كارزان سەباح




