٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كوردانی باكوور چاویان بڕیوەتە هەوڵەکانی سه‌رۆک بارزانی

سەرچاوە: KDP.info

 

ئامەد-KDP.info-  سه‌ردانی (سه‌رۆك بارزانی) بۆ توركیا بووەته‌ جێگه‌ و باسی رۆژ له‌ توركیا و، كوردانی باكووری كوردستانیش به‌ گرینگییه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ سه‌ره‌دانەکە. رۆژنامه‌نووس و چاودێرێکی سیاسیی باکووری کوردستان دەڵێ، کوردانی باکوور چاویان بڕیوه‌ته‌ ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رۆڵی هه‌بێت له‌ چاره‌كردنی كێشه‌ی كورد له‌ له‌توركیا.

(محه‌ممه‌د سانری) رۆژنامه‌نووس و چاودێری سیاسیی باکووری کوردستان، له‌باره‌ی سه‌ر‌دانی (سه‌رۆك بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ توركیا به ‌ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند "سه‌ر‌دانی (سه‌رۆك بارزانی) بۆ توركیا پانتایه‌كی به‌رفراوانی له‌ رۆژنامه‌ و راگه‌یاندنی توركیادا گرتووه‌، جگه‌ له‌ هه‌ندێ میدیای نه‌ژادپه‌رستی توندڕۆ، گشت میدیای توركیا زۆر به‌گرینگییه‌وه‌ سه‌ردان و دیداره‌كانی (سه‌رۆك بارزانی) بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌، ده‌زگا سه‌ره‌كییه‌كانی راگه‌یاندنی توركیا به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌رێنی  بایەخ به‌ سه‌ر‌دانی (سه‌رۆك بارزانی) ده‌ده‌ن بۆ توركیا، راگه‌یاندنی توركیا له‌ چوارچێوه‌ی دیداره‌كاندا ئاماژه‌ دەدەن،   پرسی سووریا و عێراق به ‌گشتی و هه‌رێمی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین به‌تایبه‌ت، مژاری دانوستانه‌كانی نێوان (سه‌رۆك بارزانی) و به‌پرسانی توركیا بووه‌، هه‌روه‌ها به‌شێكی دیكه‌ی دانوستانه‌كان له‌باره‌ی ره‌وشی ئاسایش و شه‌ڕی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعش بووه‌، میدیاكانی توركیا ئه‌وه‌شیان بڵاو كردووته‌وه‌ له‌ میانه‌ی سه‌ر‌دانه‌كه‌دا، لە پرسی نه‌وتدا وه‌رچه‌رخانێكی نوێ ده‌ست پێده‌كات، له‌و رووه‌ وه‌ به‌ گرینگ وه‌سفی ده‌كه‌ن، یه‌كێكی دیكه‌ له‌و پرسانه‌ی له ‌سه‌ردانه‌كه‌یدا باسی لێوه‌ كراوه‌، پرسی پێشمه‌رگه‌ی رۆژه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بۆ نێو خاكی رۆژئاوای كوردستان، ئه‌مه‌ش خالێكی دیكه‌ی گرینگی دیداره‌كان دەبێت."

بە باوەڕی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ كورده‌ی باكووری كوردستان هه‌ڵدانی ئاڵای كوردستان له‌ فڕگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی ئیستانبووڵ و ئانکارا، نیشانه‌ی وه‌چه‌رخانێكی نوێییه‌ له‌ پێوه‌ندیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا، گوتیشی "وه‌ك زۆرێك له‌ چاودێرانی سیاسی ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌م، توركیا ئاماده‌یه‌ سه‌ر‌بەخۆییی كوردستان قه‌بووڵ بكات. كوردستان وڵاتێكه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی ئاسایش و ته‌ناهی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهاندا.. له‌هه‌مان كاتدا نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ پێویسته‌ توركیا سیاسه‌تی خۆی لە هه‌مبه‌ر گه‌لی كورد بگۆڕێت، هه‌روه‌ك (سه‌رۆك بارزانی) له‌ دیداره‌كه‌ی (سەرۆک ئه‌ردۆغان)ـدا گوتی "له‌باره‌ی هه‌موو پرسێكه‌وه‌ قسه‌مان كردووه‌"، له‌ ڕووی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییەوە هه‌ر كوردێك رۆژێك دڵی بۆ وڵات و میلله‌ته‌كه‌ی سووتابێت، هه‌رچۆن بیری لێ بكه‌ینه‌وه‌ كاتێك ئاڵای كوردستان له‌ ئیستانبووڵ و ئانکارا به‌رز ده‌كرێته‌وه،‌ چ مانایه‌كی هه‌یه‌؟ كاتێك ئه‌و ئاڵایه‌ خۆی دێته‌ قسه‌كردن و چیرۆكی خۆی بگێڕێته‌وه‌ چی ده‌ڵێت؟."

له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی كوردانی باكوورەوە (محه‌ممه‌د سانری) دەڵێت "دیداره‌كانی (سه‌رۆك بارزانی) له‌گەڵ هه‌ر لایه‌نێك بێت كاریگه‌ری خۆی هه‌یه‌ له‌سه‌ر كوردانی باكووری كوردستان و جێگه‌ی سه‌ربه‌زیی هه‌موو لایه‌كه‌، ئه‌و ئیدی بووەته‌ رێبه‌ر و دروستكردنی دۆزی ره‌وای گه‌لی كورد له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان. بۆنموونه‌ تا ئێستا له‌ باكووری كوردستان ئه‌و حزبه‌ی زیاتر ده‌نگی به‌ده‌ست‌ هێناوه‌ هه‌ده‌په‌یه‌، به‌رپرسانی باڵای ئه‌و پارته‌ ده‌یانه‌وێ (سه‌رۆك بارزانی) ببینن تا ببێته‌ هۆی دۆزینه‌وه‌ی رێگایه‌ك بۆ چاره‌كردنی دۆزی كورد له‌ باكوور. ئینجا (سەرۆک مه‌سعوود بارزانی) له‌گه‌ڵ  ئه‌وه‌یه‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ رۆژئاوای كوردستان بگەڕێنەوە و كێشه‌كانی باكووری كوردستانیش به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتی چاره‌ ببێت، جارێكی دیكه‌ بۆ رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش سه‌رچاوه‌ی خێره‌ بۆ وڵات، ئه‌مه‌ش رۆڵێكی مێژووییه‌ كه‌ پێشه‌وایه‌تی میلله‌تێك ده‌كات."

قائید میرۆ

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار