وەزارەتی پێشمەرگە: گرینگە بەڵێنی وەزیرى بەرگریی عێراق بكرێتە كردار

هەولێر-KDP.info- فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، سەردانی وەزیری نوێی بەرگریی عێراقیان كردووە و بەڵێنی ئەوەی داوە، لە ھەموو روویەكەوە ھاوكاریی پێشمەرگە دەكات. وەزارەتی پێشمەرگەش وێرای ئەوەی ھەماھەنگیی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق لە ئاستێكی باشدا وەسف دەکات و دەشڵێ، تەنیا دەربڕینی بۆچوون بەس نییە، پێویستە بە كردار جێبەجێ بكرێت.
(نەدا مێرگەسۆری)، بڕیاردەری فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێمە وەك فڕاكسیۆنی پارتی سەردانی (عیرفا حەیالی) وەزیری نوێی بەرگریی عێراقمان كرد کە لەسەر پشكی عەرەبی سوننە لە پەرلەمان دەنگی بە دەست ھێناوە، هەڵبەت داوای ھەماھەنگیی نێوان ھەردوو وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی كوردستان كرا، وەزیری بەرگریی عێراق پێی راگەیاندین لە ھەموو روویەكەوە ھاوكاریی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكات و گوتیشی، پێشمەرگە ھێزێكی قارەمانە و رۆڵی لە عێراقدا ھەیە".
(مێرگەسۆری) ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، ھێزی پێشمەرگە وەك ھێزی زەمینی لە چوارچێوەی دەزگای بەرگریی عێراق ھەژمار دەكرێت و ئەوەیشی پشتڕاست كردەوە، پێشمەرگە ھەموو مافێكی دەستووری و یاسایی ھەیە لە عێراقدا، واتە لەمەودوا ھەماھەنگیی زیاتر لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق دەبێت بۆ ئەوەی زیاتر كار بۆ پڕچەككردنی پێشمەرگە و خەرجكردنی ماف و ئیمتیازاتی ھێزی پێشمەرگە بدرێت لە عێراقدا.
لای خۆیەوە عەمید (ھەڵگورد حیكمەت) بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێستا ھەماھەنگیی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق لە ئاستێكی باشدایە، بە ھەمان شێوە ھەماھەنگیی نێوان سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتیی حكوومەتی عێراق لە ئاستێكی باشە، ئەوەی باسی لێوە كراوە بۆچوونی وەزارەتی بەرگریی عێراقە لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام تەنیا دەربڕینی بۆچوون بەس نییە، پێویستە بە كردار جێبەجێ بكرێت، بەڵام بۆچوونی وەزیری بەرگری، لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان ھەردوولا كاریگەری دەبێت، وەك ئاماژەیشم بۆ كرد، دەبێت لەوە دەربچێت بۆ قۆناغی جێبەجێكرن، لەگەڵ ئەوەیشدا وەزیر رۆڵی لەو رووەوە ھەیە".
قائید میرۆ




