٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جۆن کێری بۆ سەرۆک بارزانی: هاوپەیمانێکی بەهێز و هاوڕێیەکی جێگای متمانە بوون.. هاوپەیمانەتیی ئەمەریکا و کوردستان بە پتەوی دەمێنێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  لە پەیامێکیدا بۆ سەرۆکی هەریمی کوردستان، (جۆن کێری)وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمەریکا، وێڕای باوەڕی بە بەردەوامیی پێوەندیی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، رایدەگەیێنێ، "پشتیگیریی بەڕێزتان بۆ پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینە جیاوازەکان بەشدار دەبێت لە داهاتووی خۆشگوزەرانی بۆ هەرێمی کوردستان."

(جۆن کێری)لە پەیامەکەیدا کە هاوکاتە لەگەڵ جێهێشتنی پۆستی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، وەک هەڵوەستە بۆ چوار ساڵی کاری وەزیری بەرگریی زلهێزترین وڵاتی دنیا و ئەو کەسایەتیانەی چاوپێکەوتنی لەگەڵیاندا هەبووە، دەڵێ "بەڕێزتان هاوپەیمانێکی بەهێز و هاوڕێیەکی جێگای متمانە بوون لە هەموو ئەو کاتە سەختانەی تێپەڕین."

(کێری) هاوکات لەبارەی هێزی پێشمەرگەوە دەڵێ "هێزەکانی پێشمەرگەی ئێوە زۆر ئازایانە جەنگان، بۆیە من قوربانییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە و خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنم لە خەباتی بەردەوامیان بۆ لەناوبردنی داعش."
وەزیری پیشووی دەرەوەی ئەمەریکا پێزانینیشی هەیە بۆ سەرۆک و خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرانبەر بە لەئامێزگرتنی ئاوارە و پەنابەران و دەڵێ "پێزانینم هەیە بۆ بەڕێزتان و خەڵکی هەرێمی کوردستان کە لە سەردەمی تاوانەکانی داعش پێشوازیتان کرد لە نزیکەی دوو ملیۆن پەنابەری سووریایی و ئاوارەی نێوخۆی ناوچەکانی تری عێراق"، (کێری) هەر لە پەیامەکەیدا جەخت دەکاتەوە "پشتگیریی بەڕێزتان بۆ پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینە جیاوازەکان بەشدار دەبێت لە داهاتووی خۆشگوزەرانی بۆ هەرێمی کوردستان."
ئاماژە بە پێوەندیی بەهێزی نێوان گەلی کوردستان و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە کۆتایی پەیامەکەیدا بۆ (سەرۆک بارزانی)، (جۆن کێری) ڕایگەیاندووە، "پێوەندیی بەهێزی نێوان گەلی کوردستان و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەرز دەنرخێنم و متمانەی تەواوم هەیە کە هاوپەیمانەتیی نێوان هەردوولا، بە پتەوی دەمێنێتەوە. من هیوای ئاشتی و داهاتوویەکی خۆشگوزەران و سەرکەوتن لە بەدیهێنانی ئاواتەکانتان بۆ بەڕێزتان دەخوازم."

 

هەواڵی پەیوەندیدار