پۆڵۆنیا بۆ پاراستنی بەڵگەنامەکانی ئەنفال هاوکاریی هەرێمی کوردستان دەکات

پۆلۆنیا-KDP.info- نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا ڕایگەیاند، پۆڵۆنیا بۆ پاراستنی بەڵگەنامەکانی ئەنفال هاوکاریی هەرێمی کوردستان دەکات.
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا، (زیاد ڕەئووف) دەڵێ، پسپۆڕانی مۆزەخانەی (ئاوشفیتز بیرکێناو)ی وڵاتی پۆڵۆنیا بۆ پاراستنی بەڵگەنامەکانی کۆمەڵکوژیی ئەنفال و، ڕاهاتن لە بەرنامەی پەروەردەیی دەربارەی کۆمەڵکوژی، لە بواری ئەزموونی پاراستنی بەڵگەنامەدا هاوکاریی هەرێمی کوردستان دەکەن. دەشڵێ، وڵاتی پۆڵۆنیا لەو پرسەدا زۆر بەئەزموونە، چونکە لەو وڵاتەدا گەورەترین کۆمەڵکوژیی دژی مرۆڤایەتی کراوە. بەهاری ئەمساڵیش هەردوولا بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلانەی لە سەری ڕێكکەوتوون، سەردانی یەکتری دەکەن.
(زیاد ڕەئووف) دەڵێ، لە ئەنجامی زنجیرەیەك هەوڵ و دیداری نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ مۆزەخانەی (ئاوشفیتز بیرکێناو)دا، بە مەبەستی سوودوەرگرتن لە ئەزموونەکانی ئەو مۆزەخانەیە، بۆ چۆنییەتی پاراستنی پاشماوە و بەڵگەنامەکانی کارەساتی ئەنفال، سەردانی شاندێك لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ وڵاتی پۆڵۆنیا، بە سەرۆکایەتیی (مەحموود ساڵح حەمەکەریم)، وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکخرا و، (زیاد ڕەئووف)، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا لە دیدارەکاندا یاوەریی وەزیری کرد.
بە گوتەی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا، شاندەکەی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەیاندا دیدارێکی دوو کاتژمێرییان لەگەڵ بەڕێوەبەری مۆزەخانەی (ئاوشفیتز بیرکێناو)ی پۆڵۆنیا پێکهێنا و، بەوردی باسی ئەو شتانەیان کرد، کە بۆ دروستکردنی پێوەندیی هاوکاری لە بواری پاراستن و ئەرشیڤکردنی بەڵگەنامەکانی کۆمەڵکوژی و شێوەی پێشاندانیاندا گرینگن. هەروەها باسی چۆنییەتیی ئامادەکردنی بەرنامەی پەروەردەیی دەربارەی کارەساتی ئەنفالیشیان کرد. لایەنی پۆڵۆنیایی ڕایگەیاند، ئامادەیە لەو بوارەدا هاوکاری پێشکەش بە کوردستان بکات. هەروەها ڕێكکەوتن، ژمارەیەک کەس لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانەوە بچنە پۆڵۆنیا، بۆ ئەوەی بەوردی لەگەڵ میتۆدەکانی کارکردن لە مۆزەخانەی (ئاوشفیتز)دا و ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی کارمەندانی مۆزەخانەکە دەبنەوە و چۆنییەتیی چارەسەرکردنیان ئاشنا بن. دوای ئەوەش، چەند پسپۆڕێکی مۆزەخانەی (ئاوشفیتز) بۆ ماوەی حەفتەیەک سەردانی کوردستان بکەن و بارودۆخەکە بناسن و ڕاهێنان و ڕێنمایی پێشکەش بە کارمەندە کوردەکان بکەن.
بەشداربووانی چاوپێکەوتنەکە بڕیاریان دا، لێکتێگەیشتنێك واژۆ بکەن و، لەسەر پێشنیاری وەزیر بڕیار درا، (سەنتەری ستراتیژیی توێژینەوەی زانستیی جینۆسایدی کورد و ئەنفال) بەشێك بێت لە هاوکارییەکان.
پاشان شاندەکەی هەرێم سەردانی مۆزەخانەی (ئاوشفیتز بیرکێناو)ی کرد و، ئەو سەردانە هەستێکی تایبەتی بەلای هەمووانەوە دروست کرد.
ئێوارەش بە مەبەستی ڕەخساندنی دەرفەتێك بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ دەسەڵاتدران و دەستەی دیپلۆماتی، نوێنەری حکوومەتی هەرێم ئێوارەخوانێکی بۆ بەخێرهاتنی شاندەکە ئامادە کرد و، لەو ئێوارەخوانەدا نوێنەرانی دەسەڵاتی ناوەندی، جێگری پارێزگاری هەرێمی (مالۆپۆلسکا یوزێف گاڤرۆن Józef Gawron)، سەرۆکایەتیی هەرێمی (مالۆپۆڵسکا)، جێگری سەرۆکی هەرێمەکە (ڤۆیچێك کۆزاك Wojciech Kozak)، دەسەڵاتی شار، سەرۆکی ئەنجوومەنی شاری (کڕاکۆڤ)، (بۆگوسلاڤ کۆشمیدێر Bogusław Kośmider) و، دەستەی دیپلۆماتیی کۆنسوڵی گشتیی فڕەنسا لە (کڕاکۆڤ)، (فریدرێك دێ توشێ Frederek de Touchet)، کۆنسوڵی فەخریی (کڕواتیا)، (پاڤێڵ ڤلۆدارچك Paweł Włodarczyk) و، کۆنسوڵی فەخریی (ماڵتا)، (ئاگنێشکا کامینسکا Agnieszka Kamińska) و، بەڕێوەبەری دیوانی پەڕلەمانی هەرێمی (ماڵۆپۆڵسکا)، (زدۆبیسلاڤ میلێڤسکی Zdobysław Milewski) بانگهێشت کرابوون و بەشدار بوون.
جێگری سەرۆکی هەرێمی (مالۆپۆڵسکا)، (ڤۆیچێك کۆزاك) پشتیوانی و هاوسۆزیی هەرێمەکەی بۆ کوردستان دووپات کردەوە و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان و جەنگی پێشمەرگە لەدژی داعش و لەخۆگرتنی ئاوارەکانی بەرز نرخاند و ڕایگەیاند، هەرێمی (مالۆپۆڵسکا)، تا ئێستا چەند جارێك یارمەتیی مرۆییی بۆ ئاوارەکان لە کوردستان ناردووە و، ئێستاش هەوڵ دەدات برێندارانی پێشمەرگە بۆ چارەسەر وەربگرێت.
دواتر جێگری پارێزگاری هەرێم (یوزێف گاڤرۆن) بە هەمان شێوە پشتیوانیی خۆی بۆ کورد و کوردستان دەربڕی و پاڵپشتیی حکوومەتی (پۆڵۆنیا)شی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە جەنگی دژی داعشدا دووپات کردەوە. سەرۆکی ئەنجوومەنی شاری (کراکۆڤ)، (بۆگوسڵاڤ کۆشمیدێر) ئارەزووی خۆی بۆ دروستکردنی پێوەندیی هاویکاری لەگەڵ هەرشارێکی هەرێمی کوردستاندا دەربڕی.




