سەفین دزەیی: کارکردن بۆ پێداچوونەوە بە سیستمی پاشەکەوتی مووچە بەردەوامە

هەولێر-KDP.info- لە لێدوانیدا بۆ ڕۆژنامەوانان، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکوومەت بە سیستمی پاشەکەوتی مووچەدا دەچێتەوە، کارکردنی لیژنەکان لەوبوارەوە بەردەوامە، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، (سەفین دزەیی) بۆ ڕۆژنامەوانان جەختی کردەوە لەوەی، بڕیاری حکوومەت لەبارەی سیستمی پاشەکەوتی مووچەوە، بڕیارێکی ئەستەم بوو، چونکە هەرێمی کوردستان کەوتبووە دۆخی نەخوازراوەوە، هەڵبەت ئێستایش وەزارەتی دارایی و لایەنی پەیوەندیدار سەرقاڵی کارکردنن لەبارەی پاشەکەوتی مووچەوە لەسەر بنەمای ئەو داهاتەی حکوومەی هەیەتی، بەڵام هێشتا بڕیار نەدراوە.
گوتیشی، هێشتا لیژنەکان کار دەکەن و کەی کارەکانیان تەواو بوو، ئەوکات ڕادەگەیەیدرێ کە چ گۆڕانکاریێک کراوە. گوتیشی، هەر بڕیارێكیش بدرێت دەبێت لە بەرژەوەندی خەڵك بێت.
لە وەڵامی ئەو دەنگۆیەش کە مانگی سێی ئەمساڵ پێداچوونەوە بە مووچە دەكرێت، گوتی "ناتوانم كاتێك بۆ بڕیارەكە دیاری بكەم".
لەبارەی پڕۆسەی بایۆمەتری و هەبوونی دوومووچەییەوە گوتی، پڕۆسەکە بەردەوامە، ئینجا ئەوکات دەردەکەوێ چەند دوومووچەیی هەن و دواتر حکوومەت ڕێوشێنی پێویست بۆ چارەکردنی دەگرێتە بەر.
لەبارەی سەردانی بەغداوە، گوتەبێژی حکوومەت رایەگیاند، پێشتر شاندێکی هاوپەیمانیی نیشتمانیی عێراقی سەردانی هەولێری کرد، گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و لایەنە کوردستانییەکان ساز درا، هەڵبەت بڕیار هەیە شاندێکی سیاسی و حکوومی بچێتە بەغدا، بەڵام هێشتا کاتەکەی دیاری نەکراوە، چونک بەغدا سەرقاڵی شەڕی داعشە، جا چوونی شاندیش دەبێ لە کاتێکدا بە وردی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدادا بکرێ، کەی دۆخەکە گونجاو بوو دەچن.




