د. عەبدولڕەزاق ناوەندەیی: ستراتیژی فەڕەنسا، بە واتای گێڕانەوەی شوێنپێی ڕامیاری-ئابووریی هەرێمی كوردستانە

هەولێر-KDP.info- (د. عەبدولڕەزاق عوسمان ناوەندەیی) کە بڕوانامەی دکتۆرای لە فەرەنسا بەدەست هێناوە دەڵێت، چەند ساڵ پێش ئێستا بەڵگەی ئەوە هەبووە كە فەڕەنسا ددانی بە سەربەخۆییی كوردستاندا ناوە و دەشڵێت "سیاسەتی ژیرانەی (سەرۆك بارزانی)ـیە پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا دروست كردووە".
(د. عەبدولڕەزاق عوسمان ناوەندەیی) كە دكتۆراکەی لە بواری ستراتیژیەتی پیشەسازییە و لە زانکۆی EHESSـی فەڕەنسا بەدەستی هێناوە، لەبارەی گۆڕانكاری لە هاوكێشەی ناوچەكەدا، پێی وایە، كەمبوونەوەی دەسەڵاتی ئەمەریكا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین، بەهێزبوونی ڕووسیا و دەستتێوەردانی ئەو وڵاتە لە قەیرانی سووریادا، تیكچوونی ڕێژەی بازاڕی غازی ئەورووپا بە هۆی كۆمەڵە هۆكارێك، هەروەها بەهێزبوون و بەرفراوابوونی قەڵەمڕۆییی داعش لە ناوچەكە و گۆڕینی بەشێك لە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە دووسێ ساڵی ڕابردوودا، بە دیفاكتۆ هەرێمی كوردستان بە شێوەی جیۆپۆلۆتیك كەوتووەتە نێوان سێگۆشەی جیهانی ئیسلام، عەرەبستانی سعوودیا سوننە (نەگۆڕ)، ئێرانی شیعە (نەگۆڕ) و توركیای سوننەی (بگۆڕ) و، هۆكارگەلێکن وایانکردووە پێگەی هەرێمی كوردستان گرینگ بێت.
دەربارەی پێوەندیی بەهێزی سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتی فەرەنسادا، (ناوەندەیی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پەیوەندییەكانی كوردستان و فەڕەنسا بۆ هەشتاكانی سەدەی ڕابڕدوو دەگەڕێتەوە، بە تایبەتی لەگەڵ پارتی چەپی فەڕەنسا کە بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان لە ڕوانگەی مرۆڤایەتییەوە سەرجاوەی گرت، بە تایبەتی لەگەڵ خودی كەسایەتیی (سەرۆك مەسعوود بارزانی). دوای كیمیابارانکردنی هەڵەبجەش پەیوەندییە سیاسی- ئابوورییەكانی هەردوولا لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، بە شێوەیەك كەوا فەڕەنسا دیدارەكانی خۆی بۆ هەرێم چڕ كردووە بۆ گەڕاندنەوەی شوێنپێی ڕامیاری-ئابووریی هەرێمی كوردستان كە لە لایەن توركیا و ئێران و چینەوە داگیر كرابوو. بۆ یەكەم جاریش سەرۆكی وڵاتی فەڕەنسا (فرانسوا ئۆلاند) بوو كە سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و جارێکی دیکەش سەردانی كردەوە، ئینجا ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ هەنگاوە دیپلۆماسییەکانی (سەرۆك بارزانی) کە دەرگایەكی نوێی كردەوە و فەڕەنسایش بە جیددی هاتووەتە پێشەوە".
وەک ئەو شارەزایەی بواری ستراتیژیەتی پیشەسازی دەڵێ، ئەم دیدارانە جگە لە گواستنەوەی مەیدانیی شەڕ و پاراستنی فەڕەنسا لە هەڕەشەی تیرۆر، خۆی لە چوارچێوەی دۆزینەوەی بواری نوێی وەبەرهێنان و خۆدۆزینەوە لە بازاڕی كوردستانی بەكاربەر بۆ كارگە و كۆمپانیاكانی فەڕەنسایش دەبینێتەوە، بە تایبەتی دیاسپۆرایەكی زۆری كورد لە وڵاتی فەڕەنسا هەن.
لە سەردانی سەرۆکی هەرێمی كوردستان بۆ فەڕەنسا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسادا، پەیوەندییەكانی كوردستان–فەڕەنسا لە ڕووی سیاسی، شارستانی، ئابووری، كۆمەڵایەتی، سەربازی و ڕۆشنبیری خراونەتە بەر باس و، (د. عەبدولڕەزاق عوسمان ناوەندەیی) گوتی، جەختكردنەوەی ڕوانگای یەكگرتووی نێوان هەردوو لایەنی دۆستیشە بۆ ورووژاندنی ئەم بوارانە و، نوێكردنەوە و بەردەوامبوون و پەرەپێدانی برایەتی و وێنەكێشان و پلاندانان بۆ نەوەكانی داهاتووە كە بە شێوەیەكی گشتی ئەرشیڤی دیپلۆماسیی هەردوولا دەوڵەمەندتر دەكات.
ئاماژە بە ڕاپۆرتێك كە لە ساڵی 1997 لە رۆژنامەی (ئەلوەتەن ئەلعەرەبی) بڵاو بووەتەوە و باس لە دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان دەكات، وەک (د. عەبدولڕەزاق عوسمان ناوەندەیی) دەڵێت، "ڕاپۆرتێكی دزەكراوە لە (دەزگای هەواڵگریی فەڕەنسا) كە دەڵێ ساڵی 2016 واتە سەد ساڵ دوای رێككەوتنەكەی سایكس پیكۆ، بە ڕێژەیەكی بەرچاو كوردان لە رۆژئاوا و رۆژهەڵات و باكوور دەهێنرێنە باشووری كوردستان و دەوڵەتێكی كوردی بە ناوی باشووری كوردستانەوە دادەمەزرێت و فیدراڵییەت بۆ بەشەكانی تر دێتە ئاراوە بەبێ ئەوەی كاریگەریی نەرێنی لەسەر سیاسەت و دانیشتووانی ئەو ناوچانە بكات، بەڵام پێشتر دەبێ بارودۆخی ئابووری، سیاسی - كۆمەڵایەتی بۆ هەموار بكرێت."
جەختی کردەوە "ئەوەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا بینیمان، هەمان سیاسەت تاكو ئێستا پێڕۆ كراوە و، لە كۆتاییدا دەبێ بڵێین ئەگەر فەڕەنسا و وڵاتانی تر دەیانەوێت شەڕ لە گۆڕەپانی ئەواندا نەبێت، دەبێ هاوكاری نەتەوەی كورد بن كە كەوتووەتە نێوان سێگۆشەی ئیسلامییەوە."
دوای هێرشی دڕندانەی داعش بۆ سەرهەرێم و دەرکەوتنی پێشمەرگە وەك پارێزەری هەموو جیهان بە گشتی و پارێزەری كوردستان بە تایبەتی، بۆ ئازادی و وەستان دژی تیرۆر، هەروەها بڕینی پشكی بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە و دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا و هاوكاریی هەرێمی كوردستان بۆ بەخێوكردنی نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە و ئیدارەدانیان لە هەرێم نەك كۆچیان بۆ ئەورووپا، ئەمانە و جگە لە دۆزینەوەی بازاڕی پێشكەوتوو بۆ دۆزینەوەی هاوكاری و پشتیوانی و پاراستنی لە هێزە زەبەلاحە دژەكوردستانییەكان، هۆکارگەلێکن کە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بە گەشبینییەوە لە پێوەندییەکانی لەگەڵ ئەورووپا لە سەررویانەوە فەڕەنسا بڕوانێ و، هیواخوازە لە دواڕۆژدا ببن بە پشتیوانی سەرەكی بۆ بەدەوڵەتبوونی كوردستان.
كارزان سەباح هەورامی




