٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"کۆمپانیا جیھانییەکانی بواری نەوت وەک دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکەن"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ڕاوێژکاری پێشووی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، ئێستا کۆمپانیا جیھانییەکانی بواری نەوت، وەک دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکەن.

(د. عەلی بەلۆ)، شارەزای بواری نەوت و ڕاوێژکاری پێشووی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دوای دەرچوونی یاسای نەوت و گاز و ماددەکانی ١١٠ و ١١١ و ١١٢ کە دەسەڵاتیان بە ھەرێم داوە، نەوت بەرھەم بێنێت، کۆمپانیا جیھانییەکان دڵنیا بوون، لەڕووی دەستوورییەوە کێشە نییە، کە بێن لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن.

راوێژکاری پێشووی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەڵێ: یاسای ژمارە ٢٢ی نەوتی ھەرێمی کوردستان، کە ساڵی ٢٠٠٧ دەرچووە، سەبارەت بە چۆنییەتیی گرێبەستی ئەو وڵاتانەی دەیانەوێت لە بواری نەوتدا لەگەڵ ھەرێمی کوردستان کار بکەن، ڕێنمایی دەرکردووە. جگە لەوەش دوای ئەوەی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە نەوتی خۆی بە شێوەی سەربەخۆ فرۆشت و بە بەغدای ڕاگەیاند، کە نەوت لەڕێی کۆمپانیای (سۆمۆ)وە نافرۆشێت و تا ئێستاش بەردەوامە، کۆمپانیاکانی جیهان لە بواری نەوتدا وەکو دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکەن، چونکە ئەو کۆمپانیایانە موجازەفە بە پارەی خۆیان ناکەن، ئەگەر نەزانن گرێبەستەکان دەستووری و یاسایین.

(د. عەلی بەلۆ)، ڕوونی کردەوە: ھەرێمی کوردستان دوای دەرکردنی یاسای نەوت و گاز و ھەرنادەکردنی سەربەخۆی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیھان، کۆمپانیاکانی دڵنیا کردەوە، کە بێن لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن و ھەرێم لەڕووی ئابوورییەوە گونجاو و سەقامگیرە. بۆیە ئێستا چاوەڕوانکراوە ھەر کۆمپانیایەکی جیھانی بێتە ھەرێم و لە بواری نەوتدا گرێبەست لەگەڵ ھەرێم واژۆ بکات.

(عەلی بەلۆ) ئاماژەیشی دا: ھەرێمی کوردستان لەڕووی ئاسایشەوە زۆر گونجاوە بۆ ئەوەی ئەو کۆمپانیایانە بێن لە بواری نەوتدا کار بکەن. چونکە لایەنی ئاسایش بۆ ئەوان زۆر گرینگە. بۆیە ئێستا ھەرێمی کوردستان لە ھەموو ڕوویەکەوە بۆ کارکردنی ئەو کۆمپانیایانە گونجاوە. هەربۆیە کۆمپانیای (ئیکسۆن موبیل) بەغدای بەجێھێشت و ھات لە ھەرێمی کوردستان دەستی بە کارکردن کرد.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار