گەورەکۆمپانیایەکی ڕووسیایی نەوتی هەرێم دەکڕیت

لەندەن-KDP.info- كۆمپانیای رووسنەفتی رووسایی خۆی خستە پێشبڕکێی ئەو گەورەکۆمانیایانەوە کە کار لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستاندا دەکەن و، ئەو کۆمپانیا حکوومییەش گرێبەستێكی سێ ساڵەی بۆ کڕینی نەوتی خاو لە کوردستان گواستنەوەی بۆ بازاڕەکانی جیهان واژۆ كرد.
بەگوێرەی رێككەوتنەكە کە ئاژانسی ڕۆیتەرز هەندێک لە زانیارییەکانی بڵاو کردووەتەوە، کۆمپانیای رووسنەفت بۆ ماوەی سێ ساڵ ٢٠١٧، ٢٠١٨ و ٢٠١٩ نەوتی كوردستان دەكڕێت و بۆ پاڵاوتەكانی جیهان دەیگوازێتەوە، هەروەها تەواوی پارەكە پێشوەخت دەداتە حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
(ئیگۆر سێچن) بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای رووسنەفت رایگەیاند، گواستنەوەی نەوتی هەرێـمی کوردستان بۆ پاڵاوتەکانی توانای کۆمپانیاکەیان زیاد دەکات.
گرێبەستەکەی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و رووسنەفت لە شاری لەندەن، لە پەراوێزی کۆنفرانسی هەفتەی نەوتی لەندەن واژۆ کرا و، بەشێکە لە رێککەوتنی بەرفراوانی نێوان ئەو دوولایەنە لەسەر هاوکارییەکانیان لە بواری کەرتی نەوتدا.
رووسنەفت رایگەیاندووە، لەگەڵ هەرێمی کوردستان هاوکارییەکانی لە سەرچاوەکانی نەوت و چالاکیی لۆجستیکی دەست پێ دەکات.
(ئاشتی هەورامی) وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، ئەو گرێبەستە دەبێتە هۆکاری پەرەپێدانی هاوکارییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکە لە هەموو بوارێکدا لە کەرتی نەوت.




