٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چاودێران: هەرێمی کوردستان بووەتە بەشێکی سەرەکی لە داڕشتنەوەی سیستەمی جیھانی

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  چاودێران دەڵێن، (سەرۆک بارزانی) کە سەرۆکایەتیی شاندێک ده‌كات كه‌ سیاسی و فەرماندەی ھێزی پێشمەرگەن و، دەچنە کۆنفڕانسی ئاسایشی جیهانی لە میونشن، مانای وایە ھەرێمی کوردستان بووەتە فاکتەرێک، کاریگەری ھەیە لەسەر ئاشتی و ئاسایشی جیھان بۆ لەناوبردنی تیرۆر.

کۆنگرەی میونشن بۆ جیھان لە ساڵی ١٩٦٣ـەوە تاکوو ئیستا کۆ دەبێـەوە بۆ ئەوەیە گرینگترین ھەڕەشەکان کە دەکەوێتە سەر ئاسایشی جیھان دیاری بکات، ئەو خەڵکانەی کە بەشداری دەکەن لەم کۆنگرەیەدا ھەمووی سەرۆکدەوڵەت و وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و ھەروەھا خەڵکانی پسپۆڕن.
لەم بارەوە نووسەر و ڕۆژنامەنووس(فەرھاد محەممەد) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەوەی کە گرینگە (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کە بە سەرۆکایەتیی شاندێک دەچێتە ئەم شوێنە، مانای ئەوەیە کە ھەرێمی کوردستان بووەتە فاکتەرێک، کاریگەری ھەیە لەسەر ئاشتی و ئاسایشی جیھان و گرینگیەکەی لەوەدایە، شاندی ھەرێمی کوردستان لە دوای سەرکەوتنەکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی دژ بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و، بۆ یەکەمجار لە شوباتی ٢٠١٥ بە فەرمی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بانگهێشت کراوە بۆ ئەم کۆنگرەیە و، ئەمە دەبێتە ٣ ساڵی یەک لەدوای یەک شاندی کوردستان بەشداریی کۆنگرەی میونشن دەکات بۆ ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی."
بە باوەڕی ئەو نووسەر و ڕۆژنامەنووسە، ھەرێمی کوردستان ئەو پێگەیەیە کە توانیویەتی ھەموو وڵانی دژی داعش لە کوردستان کۆ بکاتەوە؛ ھەم توانیویەتی ژینگەیەکی وا درووست بکا جیاواز لە ژینگەی ھەندێک جێگای ڕۆژئاوایش کە بتوانێ پێگەیەکی فرەنەتەوەیی دروست بکات، لەگەڵ ئەمانەشدا ھێزی پێشمەرگەی کوردستان توانیویەتی زۆرترین سەرکەوتن بە دەست بھێنێت. ئەو گوتی ""کاتێک شاندی کوردستان بەشداریی کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی گەورەی وەک ئاسایشی میونشن دەکات، ئەمە مانای ئەوەیە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان تاکە سەرۆکە کە توانیویەتی لە وڵاتەکەی خۆیدا ئەو کێشانە چارەسەر بکات، کە جیھان بۆی چارەسەر ناکرێت، بۆیە لەم ڕوانگایەوە ئەگەر سەیری کۆبوونەوەکانی (سەرۆک بارزانی) بکەین، دەبینین لە کەمتر لە سێ ڕۆژدا توانیویەتی ٣٠ شاندی وڵاتان ببینێ و لەگەڵیاندا کۆ ببێتەوە کە ئەمە بۆ ھیچ سەرۆکێکی تر نەکراوە."
دەربارەی پێکهاتەی شاندی یاوەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو کۆنفڕانسە نێودەوڵەتییەدا، (فەرھاد محەممەد) جەخت دەکاتەوە لەوەی کە "شاندەکە  پێک ھاتووە لە کۆمەڵێک فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە و ئەمەش دەری دەخات، کە لەمڕۆدا ھەموو جیھان پێویستی بە سوپایەکە ھاوشێوەی ھێزی پێشمەرگە بۆ لەناوبردنی تیرۆر، بۆیە دەستکەوتەکانی ئەمجارەی جەنابی (سەرۆک بارزانی) لە میونشن لەگەڵ شاندەکەی، ھەمووی پێمان دەڵێت کە کوردستان بووەتە بەشێکی سەرەکی لە داڕشتنەوەی سیستەمی جیھانی و ئاسایشی جیھان لە داڕەشتنەوەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا."

ھەر لەم بارەیەوە ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان(محەممەد حاجی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەو دیدارەی (سەرۆک بارزانی) لە کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن زۆر دەنگدانەوەی لە میدیا جیھانییەکان ھەبووە، لەگەڵ سەرۆک و باڵیۆز و سیاسەتەمەداری زۆر وڵات کۆبوونەوەی کردووە، بە جۆرێک لە دیدارەکان پرسی زۆر گرینگ باس کراوە، وەک دیاریکردنی چارەنووسی کورد لە داھاتوو، ھەروەھا گۆڕانکاریی ناوچەکە و سەرکەوتنی ھێزی پێشمەرگە بەسەر تیرۆریستانی داعش و پرسی ئازادکردنەوەی مووسڵ، بەشێک لە دیدارەکان لەسەر ئاستی زۆر باڵا بووە، ھاوشێوەی دەوڵەت و شاندی دەوڵەت مامەڵەی لەگەڵ (سەرۆک بارزانی) کراوە."

ئەمڕۆ سێشەممە، (سەرۆک بارزانی) سەردانی فەرەنسا دەکات و لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا(فڕانسوا ئۆلاند)دا کۆ دەبێتەوە دیداری دیکەیشی دەبێت، وەک (د. محەممەد حاجی) زانیاریی دا، چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردان و گەشتی دیکەشی ھەبێت بۆ وڵاتان و لە کاروچالاکییەکانی ناوەستێت، جەختیش دەکاتەوە "بەدڵنیاییشەوە پرسی سەربەخۆیی یەکێک دەبێت لە پرسە ھەرەگرینگەکان کە (سەرۆک بارزانی) وەک پرۆژەی ستراتیژی ھەنگاوی بۆ دەنێت، هەڵبەت کاری زۆر باشی بۆ کراوە و دڵنیاشین کاری باشی بۆ دەکرێت، بەڵام ئارامی و کاتی دەوێت، چونکە دەبێت ھەنگاوی وردی بۆ بنرێت بەتایبەت گەیاندنی پەیامی سەربەخۆیی بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی".

(فەرھاد محەممەد)یش لەمبارەەوە گوتی: "فەڕەنسا یەکێکە لە دەوڵەتە گەورەکانی ئەندامی ھەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، یەکێکیشە لەو وڵاتانەی کە لەسەر ئاستی جیھان خاوەنی مافی ڤیتۆیە و دەتوانێت بڕیار لەسەر ئاشتی و ئاسایشی جیھان بدات، ھەروەھا فەرەنسا یەکێکە لەو دەوڵەتانەی دەیەوێ سەرکردایەتیی یەکیەتیی ئەورووپا بکات و، لە ناتۆیش دەوری زۆر گەورەی ھەیە، لە شەڕی دژی تیرۆریشدا بێگومان بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر  پێشنیازی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرچووە، بۆیە دەتوانین بڵێین، فەڕەنسا بە شێوەیەک لە شێوەکان ھاوشانی ئەمەریکایە، سەرکردایەتیی ھاوپەیمانیی دژەتیرۆر دەکات.

فەرەنسا خۆیشی بەدەست تیرۆرەوە دەناڵێنێ، تا ئێستا لە فەرەنسا باری نائاسایی ھەیە، (فرانسوا ئۆلاند)ـی سەرۆک لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە دووە جار سەردانی ھەرێمی کوردستانی کردووە، (سەرۆک بارزانی)ـیش چەند جارێک چووەتە فەرەنسا، ئەم گەرمیی پێوەندییە و دیدارانەش وەک ئەو نووسەرە دەڵێ، دووپاتکردنەوەیە لەسەر چۆنیەتی و ھەماھەنگیی پێکەوەکارکردن، چۆنیەتیی ڕێکخستنی ھێزی نێودەوڵەتی لەگەڵ پێشمەرگەدا بۆ قەڵاچۆکردنی تیرۆر لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.

فایزە کۆیی

هەواڵی پەیوەندیدار