نەجات حەسەن: ئیدی بەدیار قەدەری بەغداوە دانانیشین؛ سەربەخۆیی پاشگەزبوونەوەی نییە

هەولێر-KDP.info- ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، (نەجات حەسەن) دەڵێ، بەدیار قەدەری بەغداوە دانانیشین و ئیدی پرسی سەربەخۆیی جولێنراوە و پەشیمانبوونەوە لەو پرسەدا نییە.
(نەجات حەسەن)، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''گەلی کوردستان، ملی ڕێی سەربەخۆیی گرتووە، جاران خەڵک نەیدەتوانی باسی سەربەخۆیی بکات، باسی ئاڵای خۆی بکات، بەڵام ئێستا بە دەنگێکی دلێر، باسی ئەو بابەتە دەکەین، تا دەگەینە مەبەست. بەتایبەت بەشداریی (سەرۆک بارزانی) لە کۆنگرەی میونشن و دانانی ئاڵای کوردستان لە دیدارەکانیدا نیشانەی ئەوەیە، کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پرسی سەربەخۆییی کوردستان وەردەگرن و بە مافێکی ڕەوای گەلی کوردستانی دەزانن.''
(نەجات حەسەن) دەڵێ: ''هەرێمی کوردستان بە گەیاندنی پەیامی سەربەخۆیی بە گوێی جیهاندا، لەو ڕێیەدا ناوەستێت و، لە قۆناخی یەکەمدا باسمان کردووە و هەموو لایەکمان ئاگادار کردووەتەوە؛ لە قۆناخی دووەمدا بە شێوەیەکی دیپلۆماسی گفتوگۆمان لەگەڵ کردوون و بابەتەکەمان خستووەتە بەردەمیان، ماوەتەوە لە قۆناخی سێییەمدا، سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بڕیار بدات، ئەوەش لەڕێی گەڕانەوە بۆ ڕای خەڵکی کوردستان دەکرێت، کە چی هەڵدەبژێرن، چونکە ناکرێت هەرێمی کوردستان تا دنیا هەیە، بەدیار قەدەری بەغداوە دابنیشێت، کە هەرساڵە و کەسێک حوکمی بکات و بە ئارەزووی خۆی، ئەوەی بیەوێت، بیکات.''
ئاماژەیشی دا: ''(سەرۆک بارزانی) لەڕووی دیپلۆماسییەوە دەرفەتێکی زۆری بۆ هەرێمی کوردستان ڕەخساندووە، حەقە حزب و لایەنە سیاسییەکان، ئەم دەرفەتە بکەنە هەوێنی پێکەوەکارکردن و هاوبەشی لە کاری سیاسیدا.''
کارزان سەباح




