نیعمەت عەبدوڵڵا: بەشداریی هەرێم لە کۆنگرە جیهانییەکاندا هەنگاوە بۆ سەربەخۆیی کوردستان

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستان دەڵێ، بەشداریی ھەرێمی کوردستان لە کۆنگرە نێودەوڵەتییەکاندا زۆر گرینگە، لەبەر ئەوەی پێگەی ھەرێمی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەھێزتر دەکات و ھەنگاوێکیشە بەرەو سەربەخۆیی کوردستان.
(نیعمەت عەبدوڵڵا)، سەرۆکی یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بەشداریی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە کۆنگرە جیھانییەکاندا و بەتایبەتی لە کۆنگرەی جیھانیی میونشندا، کاریگەریی زۆر باشی ھەیە بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان پێگەی خۆی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەھێزتر بکات و ھەنگاوێکیشە بەرەو سەربەخۆییی کوردستان.''
(نیعمەت عەبدوڵڵا) گوتی: ''بەشداریی شاندی ھەرێمی کوردستان لەو کۆنگرە نێودەوڵەتیانەدا زۆر گرینگە، لەبەر ئەوەی لەگەڵ سەرۆک و نوێنەری وڵاتان کۆدەبێتەوە و دەربارەی مافەکانی گەلی کورد گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتان دەکات و ڕای ئەوان لەبارەیەوە وەردەگرێت.''
سەرۆکی یەکێتیی پەرلەمانتاران گوتیشی: یەکێک لەھەنگاوە ھەرەگرینگەکانی سەربەخۆییی کوردستان، بەشداریکردنی ھەرێمە لەو جۆرە کۆنگرە جیھانیانەدا و سەردانی وڵاتانی جیھان، چونکە زۆر گرینگە لایەنی دەرەکی پشتگیری لە ھەرێمی کوردستان بکەن، لەبەر ئەوەی ناکرێت بەبێ پێوەندیی نێودەوڵەتی داوای سەربەخۆیی بکەین، بۆیە ئەمە گوشارێکی گەورەیە بۆ سەر وڵاتانی دەرەوە سەبارەت بە سەربەخۆییی کوردستان.''
بڵند ئیبراھیم




