سبەی ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە؛ بودجەی ٢٠١٧ تاوتوو دەکرێ

هەولێر-KDP.info- سبەی، پێشنیوەڕۆ، ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە و دەربارەی کۆمەڵێک تەوەرە گفتوگۆ دەکات؛ لەوانە پلانی وەزارەتی دارایی بۆ بوودجەی ئەمساڵ.
سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوونی ئەنجوومەنی وەزیران، (د. نووری عوسمان) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بڕیارە سبەی سەعات ١١ی پێشنیوەڕۆ، ئەنجوومەنی وەزیران کۆبێتەوە و دەربارەی کۆمەڵێک تەوەرە گفتوگۆ بکات.''
سەبارەت بە تەوەرەکان (د. نووری عوسمان) گوتی: ''باس لە پلانی وەزارەتی دارایی بۆ بوودجەی ٢٠١٧ی ھەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتی سەردانی شاندی حکوومەتی ھەرێم بۆ سوێد، دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بۆ نەخۆشانی چەکی کیمیاوی، سەردانی شاندی حکوومەتی ھەرێم بۆ جۆرجیا و بەشداریکردنی لە کۆنگرەی لووتکەی جیھانیی حکوومەتەکاندا دەکرێت.''
(د. نووری عوسمان) ڕوونیشی کردەوە: ''ھەر لە کۆبوونەوەکەی سبەیدا، وەزارەتی کاروباری شەھیدان ڕاپۆرتێک دەربارەی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی دەخاتەڕوو.''
بڵند ئیبراھیم




