٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کەنعان خەیلانی: ١٢٠٠ پڕۆژە لە شاری هەولێردا وەستاون

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، سەبارەت بە پڕۆژەکانی شاری هەولێر دەڵێ، بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی پارەوە، زۆر پڕۆژەی شارەکە وەستاون.

(کەنعان خەیلانی)، سەرۆکی لیستی پارتی لە ئەنجوومەی پارێزگای هەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''پڕۆژەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بەهۆی قەیرانی دارایییەوە وەستێنراون، چونکە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لەلایەن بەغداوە بوودجەی کوردستان بڕاوە. پڕۆژە کاتێک دەکرێت، کە بوودجەت لەبەردەست بێت. ئەوەی تا ئێستا کراوە، هەر پڕۆژەی شەقامی ١٢٠ مەتری بووە، کە ئەویش وەبەرهێنەرەکە بە پارەی خۆی تەواوی کردووە. هەرچەندە کۆمەلێک کارمان کردووە، بەڵام ناچێتە چوارچێوەی پڕۆژەوە، بۆیە هەموو ئومێدمان ئەوەیە، کە گۆڕانکاری بەسەر قەیرانی داراییدا بێت.''

(کەنعان خەیلانی) دەڵێ: ''ئەوکاتە پڕۆژەکان دەست پێ دەکەنەوە، کە بوودجەیەکی باش هەبێت، ئەوەش دەگەرێتەوە سەر توانای حکوومەت، کە تا چەند لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، داهاتی وەدەست دەکەوێت. ئەگەر نرخی نەوت بەم شێوەی ئێستای بەردەوام بێت، ئاستەمە پڕۆژەکانی هەولێر دەست پێ بکەنەوە، چونکە مادام پشتمان بە سەرچاوەی نەوت بەستووە، دەبێ هەر چاوەڕێی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بین.''

سەرۆکی لیستی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەشڵێ: ''بەهۆی قەیرانی دارایییەوە ١٢٠٠ پڕۆژە لە هەولێر وەستاوە.''

کارزان سەباح هەورامی
 

هەواڵی پەیوەندیدار