٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەکرەم ساڵح: کارتەکانی مالیکی بەرانبەر بە کوردستان سوتاون

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (ئەکرەم ساڵح) ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیمورکراتی کوردستان، دەڵێ، هەوڵەکانی (نووری مالیکی)، جێگری سەرۆککۆماری عێراق بۆ دروستکرنی پشێوی لە ناوچە کوردستانییەکاندا بەردەوامە، بەڵام ئەو کارتانەی بەکاریان دێنێت، سووتاون.

(ئەکرەم ساڵح)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''(مالیکی) هەرچی پێی بکرێت وەک کارتی فشار و کارتی سیاسی لەدژی هەرێمی کوردستان بەکاری دەهێنێت و، دوو ئامانجیشی هەیە: یەکەم ئامانجی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان لەهەمبەر داواکارییەکانی بەغدادا سازش بکات؛ دووەمیش ئەوەی کە دەیەوێ کورد بە گرفتی لاوەکییەوە سەرقاڵ بێت، بۆ ئەوەی لەم قۆناخەدا نەپەرژێتە سەر پرسە ستراتیژی و گرینگەکانی خۆی، بەتایبەت پرسی سەربەخۆیی، بۆیە هەموو هەوڵێکی (مالکیی) لەدژی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانکراوە.''

ئەو بەرپرسەی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: ''ئێستا (مالیکی) بە ڕژدی هەوڵ دەدات تا لە سنووری ناوچە کوردستانییەکاندا گرفت دروست بکات. بەردەوام پاڵپشتیی ئەو لایەنانەش دەکات کە دژی هەرێمی کوردستانن. بەڵام خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان دڵنیا دەکەینەوە، کە کارتەکانی (مالیکی) سووتاون؛ بەتایبەت دانانی لوغمی سیاسی بۆ پرسی سەربەخۆییی کوردستان، کە ئێستا ئەو لوغمانە نەک هەر نەبوونەتە گرفت بۆ هەرێمی کوردستان، بگرە هەرێمی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەرەوپێش چووە و ئەوە دەبینین، کە چۆن لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پێشوازی لە (سەرۆک بارزانی) دەکرێت.''

کارزان سەباح
 

هەواڵی پەیوەندیدار