چاودێران: کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، وهك دوو كیانی جیا له عێراق و ههرێمی کوردستان دهڕوانن

هەولێر-KDP.info- (عەبدولسەلام بەرواری) دەڵێ، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە عێراقدا بەجیا سەیری هەرێمی کوردستان و (بارزانی) و پێشمەرگە دەکات. هاوکات (محەمەد چاوجوان)، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێ، بەشداریی شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەی میونشندا زۆر گرینگە.
سەبارەت بە بەشداریی شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفراسی میونشندا، (عەبدولسەلام بەرواری) سیاسەتمەدار و پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''بوونی شاندی فەرمیی عێراق لە کۆنگرەی میونشندا بە سەرۆکایەتیی (حەیدەر عەبادی) و، هاوشان لەگەڵ ئەو، بوونی شاندی هەرێمی کوردستانیش بە سەرۆکایەتیی (سەرۆک بارزانی)، خۆی ئاماژەیەکی ئاشکرایە، کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە جیا سەیری عێراق لهلایهك و هەرێمی کوردستان و (بارزانی) و پێشمەرگە لهلاكهی تر دەکات.''
(عەبدولسەلام بەرواری)، گوتی: ''لەوانەیە ئەو دیدارانەی بۆ (سەرۆک بارزانی) ڕێکخراوە، بۆ زۆرێک لە سەرۆک و وەزیرەکانی جیهان نەڕەخسابێت، چونکە (سەرۆک بارزانی)، لەگەڵ وەزیر و سەفیر و جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆکی وڵاتانی دیکەش دیداری دەبێت.''
بەرواری گوتیشی: ''وادیارە گرینگیدان بە (سەرۆک بارزانی) تەنیا پێوەندیی بەشەڕی داعشەوە نییە و نیشانەی ئەوەیە کە وڵاتانی جیهان دەیانەوێت بایەخ بە کوردستان بدەن و بیروبۆچوونی خۆیان لەگەڵ کوردستان هەڵسەنگێنن.''
(محەمەد چاوجوان)، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیش بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "''بەشداریی شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەی میونشندا زۆر گرینگە، چونکە لەوێ باسی پرسی ئاسایشی ناوچەکە دەکرێت و، کورد لە دوای هاتنی داعشەوە لە خانەی دژەتیرۆردا دانراوە، چونکە کورد بە درێژایی مێژوو، قوربانیی دەستی تیرۆر بووە.''
(محەمەد چاوجوان) گوتیشی: ''کورد لەوێ لەسەر پرسی ئاسایش و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و پرسی پێشمەرگەش قسە دەکات و، شاندی کورد بە بەهێزییەوە بەشداریی لە کۆنفرانسەکەدا کردووە.''
کارزان سەباح هەورامی




