مۆزەخانەیەک بۆ کەلوپەلی شەھیدانی شەڕی داعش دەکرێتەوە

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی بارزان دەستی کردووە بە ئەرشیڤکردنی کەلوپەلی شەھیدانی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش و بەڕێوەبەری شەھیدانی بارزان دەڵێ، مۆزەخانەیەک بۆ ھەڵگرتنی کەلوپەلەکان دەکەینەوە.
(رێبوار ڕەمەزان)، بەڕێوەبەری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی بارزان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری شەھیدان لە بارزان پڕۆژەیەکی ھەیە بۆ ئەرشیڤکردنی ئەو کەلوپەلانەی شەھیدانی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە دوای خۆیان بەجێیان ھێشتوون. پڕۆژەکە بە شێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی بەڕێوە دەچێت و، سەرجەم کاڵا و کەلوپەلی شەھیدان لە بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری شەھیدان کۆ دەکرێنەوە و هەر لەنێو بەڕێوەبەرایەتییەکەدا لەبەرچاوی ھاووڵاتیان دادەنرێن. ئەم کارەش وەک وەفادارییەک بۆ لەبیرنەکردنی شەهیدان دەکرێت.''
بەڕێوەبەری شەھیدانی بارزان دەشڵێ: ''بڕیارە دوای کۆکردنەوەی کەلوپەلێکی زۆر، مۆزەخانەیەک بۆ ھەڵگرتنیان دابمەزرێت، چونکە پێشتر ئەزموونمان لە ئەرشیڤکردنی کەلوپەلی شەھیدانی ھەشت ھەزار کەسی جینۆسایدکراوی بارزانی ھەبووە و خەڵکێکی زۆری بیانی و شارەزایان سەردانیان کردووین.''
ئاماژەیشی دا: ''لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەکی بەرچاو خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان سەردانیان کردووین و کەلوپەلی شەھیدەکانیان بۆ ھێناوین. ئێمە لەڕێی فۆڕمێکەوە وەرمانگرتوون و ھەرکاتێکیش داوایان بکەنەوە، ئەوە ئازادن و مافیان پارێزراوە.''
قائید میرۆ




