قەهوەچی: گۆڕان دەیەوێ لە پێکهاتەکانی کوردستان بدات

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی لیستی پێشکەوتنی تورکمان، ڕەخنە لە گۆڕان دەگرێت و دەڵێت لەڕێی پڕۆژەیەکەوە دەیەوێت لە پێکهاتەکانی کوردستان بدات.
(مونا قەهوەچی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''کورسیی کۆتاکان، ٥ کورسییە و دەمانەوێت زیاد بکرێت. هەرکاتێک ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان گەڕایەوە سەر کوردستان، ئەوکاتە کوردستان دەبێتە وڵاتێکی سەربەخۆ و پێکهاتە جیاوازەکان قازانج دەکەن و، ئیدی پێویست بە کورسیی کۆتا ناکات و دەنگی خۆمان بەدەست دەهێنین. بەڵام لەم کاتەدا دەبێ زۆربەی لایەنە کوردستانییەکان ئەوە لەبیر نەکەن، کە ئێستا گۆڕان پڕۆژەیەکی هەیە بۆ ئەوەی پێکهاتە جیاوازەکان فەرامۆش بکرێن.''
(مونا قەهوەچی) گوتی: ''ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان دەیەوێت لەڕێی پڕۆژە و پڕۆژەکارییەوە لە دەرەوەی پەرلەمان شەرعیەت وەربگرێت، بەتایبەت کۆبوونەوەی یوسف محەمەد، لەگەڵ نوێنەرایەتیی وڵاتان بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان. چونکە ناتوانێت لە پەرلەمان کار بکات، دەیەوێت لە دەرەوەی پەرلەمان شەرعیەتی خۆی بدۆزێتەوە.''
(قەهوەچی) دەشڵێ: ''گۆڕان دەیەوێت لەڕێی پڕۆژەیەکەوە لە پێکهاتەکانی کوردستان بدات. ئێستا پڕۆژەکەیان ئاشکرا بووە و داویانە بە سەنتەرێکی توێژینەوە و دەیانەوێت سەربگرێت کە سەرلەبەری بۆ دژایەتیکردنی پیکهاتەکانی کوردستانە.''
کارزان سەباح




