٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھیوا ئەفەندی: ئەركی ئێمە دیاریكردنی ناوەكانە.. حكوومەت بۆ وەزارەتی دادیان ڕەوانە دەكات

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری لە ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێ: "سیستەمی بایۆمەتری، سیستەمێكی گرینگە و شەفافییەت دەھێنێـتە ئاراوە و یەكسانی لە كۆمەڵگادا دروست دەكات، بۆیە فەرمانگەكەمان ناوەكان دیاری دەكات و بۆ وەزارەتی دادی دەنێرین، ئەوان بڕیاری لەسەر دەدەن چۆن مووچە زیادەكانی ڕابردوو بگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی حكوومەت".

لە ڕێكەوتی ١٠/٢/٢٠١٦ (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، چەند خاڵێكی گرینگی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی بڵاو كردەوە، لە ماوەی مانگی ئاداری ساڵی ٢٠١٦ بە سەرپەرشتیی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ دامەزراوەكانی ھەرێمی كوردستان ئەنجام دران و نەخشەڕێگای كاركردن خرایە ڕوو، لە دەستپێكی پڕۆسەكە، سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان نزیكەی (١٠٠) دۆسیەی بۆ لێكۆڵینەوە دایە دەستەی دەستپاكی و دۆسییەكان و بە پێی تایبەتمەندی دابەش كران بەسەر لایەنە پەیوەندیدارە دادوەرییەكان. یەكێك لەم بەشانەی چاكسازی تێدا دەكرێت، (وەزیفەی گشتی و سیستەمی تۆماركردنی بایۆمەتری) و ڕێكخستنەوەی میلاكاتی حكوومەت و نەمانی دوومووچەیی و زیاترە، پەیوەست بەم لایەنە، (ھیوا ئەفەندی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "حكوومەت یەكەم جارە دەبێتە داتابەیسێكی بنەڕەتی بۆ گشت ئەو كەسانەی كە بە شێوەیەكی مانگانە مووچە لە حكوومەتی ھەرێم وەردەگرن، كەواتە یەكەم جارە كە دەزانین كێن ئەو كەسانەی بڕی چەند وەردەگرن و ژمارەی ئەو كەسانە لە لای حكوومەت ڕوون دەبێتەوە، ڕنگدانەوەكەیشی لە چەند ڕەھەندێكەوە بە دیار دەكەوێ، یەكەم، بە كاتێكی زوو ھەرچی دەمانەوێت بە دەردەكەوێت و دەبێتە ھۆی كەمكردنەوەی خەرجییەكانی حكوومەت، ڕەھەندی دووەم، ڕێكخستنەوەی میلاكاتی حكوومەت، ڕەھەندی سێیەم دابینكردنی خزمەتگوزاریی ئەلیكترۆنی بۆ ئەو خەڵكانەیە لە حكوومەت مووچە وەردەگرن".

(ئەفەندی) گوتیشی: "ڕێكخسنەوەی خەرجییەكانی حكوومەت، ڕاستەوخۆ شەفافییەت دەھێنێتە ئاراوە و كاتێك تەواوی مووچەی خەڵكی كوردستان بە سیستەمی ئەلیكترۆنی بكرێ یەكسانی لە كۆمەڵگا دروست دەبێت، ئەو كەسانەی كە بە ناحەق مووچەیەكی زۆریان بە ناوی چەندین میلاكەوە وەرگرتووە لە ساڵانی ڕابردوودا، ئەم مووچانە دەبڕدرێن و دواتر حكوومەت بڕیارێك دەدات ئەوەی لە ڕابردوودا دوو مووچە و سێ مووچە و زیاتری وەرگرتووە، ئەوەیشیان لێ وەردەگیرێتەوە و دەدرێت بەو ھاووڵاتیانەی پێویستیانە".

سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری لە ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەیش كرد كە، "حكوومەت لیستی ئەو ناوانەی مووچەی زیادیان وەرگرتووە، بۆ وەزارەتی داد ڕەوانە دەكات و بڕیاریان لەسەر دەدرێت چۆن ئەو مووچە زیادانەی وەریان گرتووە بیگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی حكوومەت، ئەوەی ئەركی فەرمانگەی ئێمەیە، دیاریكردنی ناوەكانە و ناردنیانە بۆیان".

 

 

فایزە كۆیی

هەواڵی پەیوەندیدار