٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئیبراھیم برۆ: ئەنەكەسە بەشداریی كۆبوونەوەی "ئاستانا دوو" ناكات

سەرچاوە: KDP.info

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا ڕایگەیاند، لەبەر ئەوەی لە كۆبوونەوەی "ئاستانا دوو" تەنیا باسی راگرتنی شەڕ لە سووریا دەكرێت و باسی پرسی سیاسی ناكرێت، ئەنەکەسە بەشداری ناكات، بەڵام لە كۆنگرەی "جنێف"ـدا پێنج كەس لە ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا بەشداری دەكەن.

(ئیبراھیم برۆ)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیار بوو ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی دیكە لە ئاستانا لە كازاخستان لەبارەی دۆخی سووریاوە بەڕێوە بچێت، بەڵام دوا خرا بۆ سبەی، چونكە شاندی ئۆپۆزسیۆن نەیدەویست بچێت و ئێستایش شاندێكی بچووكیان چووە كە لە سلكی سەربازین، پێشتر توركیا و ئێران و ڕووسیا بەشدار بوون، ئێستا ئوردنیش بەشدارە و، بوونی شاندی رژێم و ئۆپۆزسیۆنیش تەنیا بۆ وەستاندنی شەڕە، لەبەر ئەوەی باس لەوە دەكەن ڕووسیا بەڵێنێكی دابوو جێبەجێی نەكردووە و شەر ھێشتا ڕانەگیراوە".
(برۆ) گوتیشی، لە ئاستانای یەكەم نووسراوێك لەبارەی وەستانی شەڕ ئاڕاستەی ڕووسیا كرا و باسیان لەوە كرد لە شەشی مانگ وەڵامیان دەدەنەوە، بەڵام تا ئێستا وەڵامیان نەداوەتەوە، بۆیە لەم كۆبوونەوەیەدا باس لەو پرسە دەكرێت.
سەروكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا ڕٍوونیشی كردەوە: "ئێمە بەشدار نابین لەو كۆبوونەوەیەدا، چونكە تەنیا باس لە چۆنیەتیی راگرتنی شەڕ دەكرێت و، ھیچ باسی سیاسی ناكرێت، بەڵام لەجنێف بەشداری دەكەین كە (فوئاد عەلیكۆ) لە ئەنجوومەنی سووریا و (حەواس خەلیل) لە راوێژكاری و لێڤەگەری سیاسی (عەبدولحەكیم بەشار) وەكو نوێنەرانی كورد لە شاندی ئۆپۆزسیۆن بەشداری دەكەن و، دوو كەسی دیكەیشمان لە لیژنەكانی یاسایی و راگەیاندن دەبن".
دەشڵێت، لە كۆنگرەی جنێف سێ ئەجێندا ھەیە باسی دەكرێت، ئەویش قۆناغی گواستنەوە و دانانی دەستوور و دواتر ئەنجامدانی ھەڵبژادنن، بەڵام سەرەتا باسی گواستنەوە دەكرێت.

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار