فڕاكسیۆنی پارتی: پێویستە كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەكان بە سازان بگۆڕدرێت

بەغدا-KDP.info- سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: "ئێمە وەكو پارتی لەگەڵ ئەوەداین كە پێویستە كۆمسیۆن بە سازان بگۆڕدرێت، چونكە (مالیكی) ھەوڵ دەدات سازان نەمێنێت و بە زۆرینە جارێكی دیكە بگەڕێتەوە سەر دەستەڵات، كە ئەو كاتیش ئێمە وەكو پارتی بەشداری لەو ھەڵبژاردنەدا ناكەین".
(د. عەرەفات كەرەم)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "مەبەستی سەرەكیی ئەو خۆپێشاندانانەی دەكرێن، كۆمسیۆن نییە، بەڵكوو بۆ ناكۆكیی نێوان (سەدر) و (مالیكی) دەگەڕێتەوە، بۆیە رای ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەیە كە پێویستە ئەو كۆمسیۆنە بە سازان بگۆڕدرێت نەك بە ھەڕەشەی لایەنێك و بیەوێت ئەجێندای خۆی بسەپێنێت، بۆیە پێویستە بە رێككەوتن بێت ئینجا بەپێی رێژەی كورسی بێت یاخود پێكھاتەكان".
(كەرەم) گوتیشی، لیژنەیەك دروست كراوە كە پێی دەگوترێت لیژنەی شارەزایان بۆ ئەوەی ئەندامەكانی كۆمسیۆن دیاری بكات و، تا ئێستایش چەند كۆبوونەوەیەكی ئەنجام داوە، بۆیە ھێشتا ماوە بگەنە رێككەوتن.
سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان دووپاتی كردەوە: "ئەگەر (نووری مالیكی) بیەوێت زۆرینەی سیاسی بەكار بێنێت بۆ پێكھێنانی حكوومەت لە داھاتوودا، رەنگە ئێمە بەشداری لە ھەڵبژاردنەكاندا نەكەین، چونكە لە ساڵی ٢٠٠٩ھەوڵی دا حكوومەتی زۆرینە پێك بێنێت، بۆیە ئێستایش ھەمان ھەوڵ دەدات و دەخوازێت گەورەترین كوتلە دروست بكات لە پەرلەمان و خۆی حكوومەت دروست بكات، بۆیە ئەوكات بە ھیچ شێوەیەك ئێمە بەشداری لەو ھەڵبژاردنەدا ناكەین".
ڕاشیگەیاند: "ئێمە لەو خۆپێشاندانانەدا نابینە لایەنگر، بەڵام پشتگیری لە داواكاریی خۆپێشاندەران دەكەین كە گەندەڵی نەمێنێت و شەفافییەت ھەبێت، بەڵام ئەمە پەیوەندی بە كۆمسیۆنەوە نییە و ناكۆكیی نێوان شیعەكان خۆیانە".
بڵند ئیبراھیم




