سبەی داواكاری گشتی دەربارەی ئامێری كەناڵە نێوخۆیییەكان لێكۆڵینەوە دەكات
_-_Copy__2017_02_14_h18m5s14__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- دەربارەی دانانی ئامێرێك بۆ پەخشی كەناڵە نێوخۆیییەكان بڕیارە سبەی نوێنەری داواكاری گشتی و نوێنەری پارێزگار و كەناڵە نێوخۆیییەكان لەگەڵ وەزارەتی ڕۆشنبیری كۆببنەوە و، وتەبێژی وەزارەتیش دەڵێ، هەموو كۆمپانیایەك مافی بەشداریكردنی هەیە و تەنیا بۆ یەك كۆمپانیا قۆرخ نەكراوە.
(فەرهەنگ تاهیر)، وتەبێژی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''پرسی ڕێکخستنی سیستەمی كەناڵە نێوخۆیییەكان لە چوارچێوەی خۆی زیاتر بەرین كراوە. ئەم پڕۆژەیە دەمێكە لە دەوروبەری شارەكان دەستی پێ كردووە و تەنیا نێو سەنتەری شارەكانی وەك هەولێر و دهۆك و سلێمانی ماون، کە لە ئایندەیەكی نیزیكدا، ئەوانیش دەخرێنە نێو سیستەمەكەوە. پرسەكە بەهیچ شێوەیەك قۆرخ نەكراوە، بەڵكو لە وەزارەت كارێكی ئیداریمان كردووە و داومانە بە كۆمپانیایەك، بەڵام هەر كۆمپانیایەك بیەوێ بەشدار بێت، دەتوانی داواکاری پێشکەش بکات.''
گوتەبێژی وەزارەتی ڕۆشنبیری گوتی: ''ڕۆژی چوارشەممە، نوێنەری داواكاری گشتی و كۆمپانیای تایبەتمەند و نوێنەری كەناڵەكان سەردانی وەزارەت دەكەن و دەربارەی كێشەكە قسە دەكەن، بۆ ئەوەی ڕوون بێتەوە کە كێشەكە لە ڕێنمایی و یاسا بەدەرە، ئەوكات بڕیاری لێ دەدرێت. مۆڵەتی كۆمپانیاكە بەو شێوەیە دەبێت؛ لەبەرامبەر فرۆشتنی هەرئامیرێكی وەرگرتنی كەناڵە نێوخۆیییەكاندا ٩١ هەزار دینار وەردەگیرێت.''
گوتەبێژەکەی وەزارەت گۆتیشی: ''ئەوەی دەگۆترێت تەنیا یەك كۆمپانیا دەتوانێت كارەكە بەڕێوەببات، هیچ بنەمایەکی ڕاستی نییە و، هەموو کۆمپانیاکان دەتوانن بێتە وەزارەت و بەگوێرەی ڕێنمایییەكان كار بۆ دانانی ئامێری پەخشی كەناڵە نێوخۆیییەكان بكەن.''
قائید میرۆ




