٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

''مالیکی تۆمەتبارە بە لەنێوبردنی چەندین کەسایەتیی عێراقی''

سەرچاوە: KDP.info

ئاژانسەکان-KDP.info-  ڕۆژنامەی (عەرەبی جەدید) لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی، لیستێکی ناوی ئەو کەسانەیان وەدەست کەوتووە، کە لە سەردەمی حوکمڕانیی (نووری مالیکی)، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراقدا بێسەروشوێن کراون، یان کوژراون.

ڕۆژنامەکە نووسیویەتی: ''لە بەڵگەنامەیەکی لیوای ٥٦ی سوپای عێراقدا (ئەو لیوایە ساڵی ٢٠٠٦ لەلایەن (نووری مالیکی)یەوە دامەزرا) ئاماژە بە ناوی چەندین کەسایەتیی سەربازی و ئایینی و ئۆپۆزیسیۆن و ئاکادیمی و مامۆستای زانکۆ کراوە، کە لە سەردەمی حوکمڕانیی (مالیکی)، لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٦ تا ٢٠١٤دا کوژراون و بەشێکیشیان بێسەروشوێن کراون.''

سەرچاوەکە ئاماژە بە ناوی چەند کەسایەتییەکی ئەو لیوایە دەکات، کە نیزیکن لە (نووری مالیکی) و دەستیان لە کوشتنی ئەو کەسایەتییانەدا هەیە. لەوانە، فەریق (حاتەم ئەلمەکسووسی)، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی تایبەت لە هەردوو کابینەکەی (مالیکی)دا، هەروەها لیوا (قاسم عەتا) و لیوا (ناسر غنام) کە ئێستا عێراقیان بەجێ هێشتووە و بەرەو میسر ڕۆیشتوون.

بەپێێ بەڵگەنامەکان، بەشی هەواڵگریی لیوای ٥٦ی تایبەتی سەر بە (نووری مالیکی)، هەموو ئەو کەسایەتییە ئایینی و سیاسی و سەربازی و ئاکادیمی و ئۆپوزیسیۆنانەی لە بارەگای لیواکە، لە ناوچەی سەوز لەنێو بردووە.

لە کۆتاییدا سەرچاوەکە نووسیویەتی، لە ماوەیەکی نیزیکدا لیستی ناوی ئەو کەسایەتییانە بڵاو دەکەنەوە و بە ڕای گشتیی ڕادەگەیەنن.
 

هەواڵی پەیوەندیدار