هێمن هەورامى: پێویستمان بە یەکدەنگیی نیشتمانی هەیە
__2017_02_14_h14m54s50__HK.jpg)
سۆران-KDP.info- (هێمن هەورامى)، لە سیمینارێكیدا ڕایگەیاند: ''مەرج نییە هەموو كورد بۆ هەر پرسێك یەكدەنگ بێت، چونكە لە دنیادا یەكدەنگیى لایەنە سیاسییەكان لە پرسەکاندا كەمە، بەڵام یەكدەنگیى نیشتمانى پێویستە.''
بەشى پێوەندییە نێودەوڵەتییەكانى فاكێڵتى یاساى زانكۆى سۆران، سیمینارێكى زانستى - ئاكادیمیی بۆ (هێمن هەورامى)، ڕاوێژكارى (سەرۆك بارزانى) و ئەندامى ئەنجوومەنى سەركردایەتیى پارتى دیموکراتی کوردستان لەژێر ناونیشانى (هەرێمى كوردستان لەبەردەم ئەو گۆڕانكارییانەدا، كە ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاستى نوێ دروست دەكەن)، سازكرد، كە ژمارەیەكى بەرچاوی قوتابی و مامۆستایان زانكۆ تێیدا ئامادە بوون.
(هەورامى) لە دیدگایەكى زانستییەوە، كۆى پرسەکانی ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست و كاریگەرییەكانیانی لەسەر ئایندەى ناوچەكە و ڕۆڵى وڵاتانى زلهێز و بلۆكبەندییەکانی ناوچەکەی تاوتوێ کرد و، بە خستنەڕووی كۆمەڵێك فاكتى زانستى و واقعبینانە ئاماژەى بە گشت ئەو خاڵانە كرد، كە دەبنە هۆكارى گۆڕانكارییەكان.
بەشێكى قسەكانی بۆ وەدەرخستنى هەندێك داتا بوو، كە ئەو داتایانە لە چەندین سەنتەر و ناوەندى ئاكادیمیدا کاریان لەسەر کراوە و، هەموویان بەڵگەن لەسەر ئەوەى كە ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست بەرەو ئایندەیەكى باش ناچێت. هەر لەم ڕوانگەیەوە هەورامى دەڵێ: ''بەهۆی ئەوەی گەلی کورد لەنێو ئەو جوگرافیایەدایە، كە پێى دەگوترێت ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست، دەبێ زۆر بە هەستیارییەوە ڕێگاكان هەڵبژێرێت و، لە هەنگاونانەکانیدا وردبین بێت.'' هەورامی لە درێژەی باسەکەیدا گوتی: ''ئێستا ستراتیژیى سەرۆك بارزانى و پارتى دیموكراتى كوردستان، پاراستن و بەرەوسەربەخۆییبردنى هەرێمى كوردستانە.''
لە بەشێكى دیكەى سیمینارەكەیدا هەورامى باسى لە كێشمەكێشە نێودەوڵەتى و هەرێمییەکان كرد و گوتی: ''دەبێ هەرێمى كوردستان زۆر سەربەخۆیانە ستراتیژییەكانى خۆی ئاراستە بکات و تاكە بەرژەوەندیی لەپێشینەى هەركارێك كوردستان بێت.'' لە درێژەی وتەکانیشیدا گوتی: ''مەرج نییە هەموو كورد بۆ هەرپرسێك یەكدەنگ بێت، چونكە لە دنیادا یەكدەنگیى لایەنە سیاسییەكان لە پرسەکاندا كەمە، بەڵام یەكدەنگیى نیشتمانى پێویستە.''
سەنگەر هەورامى




