د. عەلی: ھەرێم لە مەترسیی قەیرانی ئابووری رزگاری بووە.. دۆخی بەرەو باشتر دەچێت

ھەولێر-KDP.info- راوێژكاری پێشووی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەڵێت، لە ئێستادا رۆژ بە رۆژ دۆخی ئابووریی ھەرێمی كوردستان بەرەو باشتر دەچێت و، ئەگەر نرخی یەك بەرمیل نەوت بگاتە سەرووی ٦٠دۆلار، ھەرێمی كوردستان بە تەواوەتی لە قەیرانی دارایی رزگاری دەبێت.
(د. عەلی بەلۆ)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بە بۆچوونی من گەڕانەوە بۆ بەغدا گەییشتووەتە بنبەست، لەبەر ئەوەی بەغدا جیددی نییە لە چارەكردنی كێشەكانی لەگەڵ ھەرێمی كوردستاندا نە لەبارەی بوودجە و نە لەبارەی ماددەی١٤٠، بۆیە لە بەرژوەندیی ھەرێمی كوردستاندا نیە پابەندی یاسای بوودجەی عێراق بێت".
(بەلۆ) گوتیشی: "ھەرێمی كوردستان لە بواری ئابووریدا هەنگاوی زۆر باشی ناوە، ئەگەر نرخی نەوت دانەبەزیبووایە، داھاتی نەوت زیادیش بوو بۆ ھەرێمی كوردستان، بەڵام ئێستا رۆژ بە رۆژ دۆخی ئابووریی ھەرێمی كوردستان بەرەو باشتر دەچێت و، ئەمساڵیش زۆر لە ساڵی رابردوو باشترە، لە ئێستایشدا نرخی نەوت لە بەرزبوونەوەدایە، ئەمەیش ھاوكارە بۆ ئەوەی ئابووریی ھەرێم باشتر بێت".
راوێژكاری پێشووی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان دەشڵێت، ئەگەر وڵاتانی ئەندام لە ئۆپیك و ئەوانەی دەرەوەی ئۆپیك وەكو ڕووسیا و مەكسیك، پابەند بن بە كەمكردنەوەی ھەناردەكردنی نەوتەوە، نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە بۆ سەرووی ٦٠دۆلار كە ئێستا نرخی بەرمیلێك نەوتی بریت ٥٦ و ئۆپیك ٥٠دۆلارە، بۆیە گەر زیاتر بێت ھەرێمی كوردستان لەم قەیرانەی دارایی رزگاری دەبێت.
باسی لەوەیش كرد، كاتێك ھەرێمی كوردستان لە قەیراندا بوو، نرخی نەوت ٢٠دۆلار بوو، ئێستا بووەتە ٤٤بۆ٤٥دۆلار، كە ئەمەش دووبەرانبەر زیادی كردووە، بۆیە رۆژ بە رۆژ دۆخی ئابووریی ھەرێمی كوردستان بەرەو باشتر دەچێت و، لە مەترسیی قەیرانی ئابووری رزگاری بووە.
بڵند ئیبراھیم




