پڕۆژەی ئاوی قورسی هەولێر دەستی پێ دەكرێت

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان ئاشكرای کرد، بە قەرزی ژاپۆن، قۆناخی یەكەمی پڕۆژەی پاڵاوتنی ئاوی قورسی هەولێر جێبەجێ دەكرێت. ئاوی پیسی ماڵان دەگەیەندرێتە وێستگەیەكی پاڵاوتن، کە دوای دەرچوونەوەی لەو وێستگەیە، جارێكی دیكە دەتوانرێ بۆ ئاودانی گوڵ و باخچە بەكار بێت.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ ڕایگەیاند: ''ڕێكخراوی جایكای ژاپۆن، لەڕێی كۆمپانیایەكی ڕاوێژكاری تایبەتمەندەوە دیزاینی پڕۆژەی پاڵاوتنی ئاوی قورسی هەولێری ئامادە كردووە و، بەپێی ئەو پلانەی داڕێژراوە، ساڵی ٢٠١٨ دەستی پێ دەكرێت و، ئەگەر هیچ كێشەیەكی بۆ دروست نەبێت، بە ساڵ و نیوێك تەواو دەبێت.''
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ دەڵێ: ''وێستگەی پاڵاوتنەکە دەكەوێتە نیزیك تووڕەقی هەولێر و، ئاوەڕۆی ناندێن و حەمام و ئاودەستی تەواوی ئەو گەڕەكانەی لەو پڕۆژەیەوە نیزیكن، دەبەسترێتەوە بە وێستگەی پاڵاوتنەکەوە. تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان جگە لە ئاوەڕۆی باران، هیچ ئاوەڕۆیەكی دیكە نییە. هاووڵاتیان بەهۆی نەبوونی ئاوەڕۆی ئاوی قورسەوە، بۆ ڕزگاربوون لە ئاوی پیسی ماڵەكانیان، ناچارن ئاوەڕۆی باران بەكار بێنن.''
بە گوتەی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا بەهۆی ئەو بیرانەوە کە لە ماڵاندا بۆ ئاوی ڕەش (ئاوی ئاودەست) لێدراون، ئاوی ژێرزەویی هەرێمی كوردستان كەڵكی خواردنەوەی نامێنێت، لەبەر ئەوەی دوای ١٠ مەتر هەڵكەندنی زەوی، جۆرێک گڵ و بەرد دەردەكەوێت، كە توانای هەڵمژینی هەیە. ئەو بیرانەش كە بۆ ئاوی ڕەش (ئاودەست) لە ماڵاندا لێدەدرێن، ئاوە ڕەشەكە دەگوازنەوە ژێرزەوی و ئاوی پاكی ژێرزەوی بە شێوەیەك پیس دەبێت، کە بۆ خواردنەوە كەڵكی نامێنێت. ئێستا ئاوی پیس دەچێتە دەرەوەی شار و هەندێك لە جووتیاران بەبێ پاڵاوتن ئەو ئاوە پیسە بۆ كشتوكاڵ بەكاردێنن، كە مەترسیی دەخاتە سەر تەندروستیی هاووڵاتیان.
هەرچەند تەنانەت دوای پاڵاوتنیشی، ئەو ئاوە قورسە بۆ ئاودانی كشتوكاڵ هەر نابێت، مەگین بۆ ئاودانی باخچە و گوڵ کەڵکی لێ وەربگیرێت.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕ دەڵێ: ''ئێستا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ خەریکی دەستنیشانكردنی كۆمپانیای ڕاوێژكارە، كە بەپێی گرێبەستەکەمان لەگەڵ حكوومەتی ژاپۆن، دەبێ كۆمپانیاكە ژاپۆنی بێت و، كۆمپانیای جێبەجێكاری پڕۆژەكەش هەر دەبێ ژاپۆنی بێت. تەواوی كەلوپەل و تەكنەلۆژیای پێویستی پڕۆژەکەش هەر دەبێ هی ژاپۆن بێت.''
كارزان حەیدەر




