٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چاودێرێكی سیاسی: سەربەخۆیی باشترین بژاردەیە بۆ کورد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  چاودێرێكی سیاسی دەڵێ، عەقڵییەتی بەغدا بە شێوەیەكە ڕێ بە هاوبەشەكانی نادات، لە كار و بڕیاری سیاسیدا هاوبەشی بن، بۆیە بۆ کورد باشترە، بیر لە داهاتووی خۆی بكاتەوە.

(سەڵاح بەیتوڵڵا ئاكرەیی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: '''بە درێژایی مێژوو، هەتا ئێستاش هیچ جۆرە گۆڕانكارییەك بەسەر عەقڵییەتی سیاسیی دەستەڵاتدارانی عێراقدا نەهاتووە. سەرباری ئەوەی کە خەبات و تێكۆشانی كورد لەپێناوی چەسپاندنی دیموكراسیدا بووە، کەچی زاڵبوونی عەقڵی دیكتاتۆری و تۆتالیتاری بەسەر قۆناغەكانی مێژووی سیاسیی عێراقدا، کە هەتا ئەمڕۆش بەردەوامە، ئەو وڵاتەی بەم قۆناغە گەیاندووە.''

(ئاكرەیی) گوتی: ''لە غیابی دەستەڵاتێكی دیموكراسیدا، عێراق هەرگیز ناتوانێت سەقامگیریی سیاسی و ئاشتیی كۆمەڵایەتی بە خۆیەوە ببینێت. لەكاتێكدا كورد ڕۆڵێكی كاریگەری بینی و بەشدارییەكی سیاسیی كارای لەسەر بنەمای تەوافوقی سیاسی و مافەكانی خۆی لە عێراقی تازەدا كرد، کەچی بەداخەوە، عەقڵی تاكڕۆیی لە عێراقدا وای كردووە، كە هەمیشە كورد فەرامۆش بكرێت. كەواتە كورد چی وەدەست كەوتووە؟ بەدرێژایی مێژووی سیاسیی عێراق، بێجگە لە نەهامەتی و ماڵوێرانی هیچی دیکە بە کورد نەبڕاوە.'' 

ئەو چاودێرە سیاسییە دەڵێ: ''پێویستە كورد هەوڵ بدات بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی كە خەبات و تێكۆشانی بۆ كردووە، کە ئەویش سەربەخۆییی كوردستانە و، نابێ چیتر خۆی بە عێراقێكەوە ببەستێتەوە، كە نەك هەر ئامادە نییە ددان بە مافە ڕەواكانی كورددا بنێت، بگرە ئەزموونێكی زۆرمان هەیە و دەزانین، هەركاتێک عێراق بەهێز بێتەوە، وەك جاران پەلاماری كوردستان دەدات. بۆیە سەربەخۆیی باشترین بژاردەیە بۆ کورد.''

(ئاكرەیی) دەشڵێ: ''(سەرۆك بارزانی) زۆر بە شێوەیەكی لۆژیكی و ئەقڵانی گشت ڕەهەندە سیاسییەكانی خوێندووەتەوە و باوەڕێكی تەواوی بەلاوە دروست بووە، كە گەڕانەوە بۆ عێراق، كۆتایی پێ هاتووە.''

هەواڵی پەیوەندیدار